گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

بۆچی سەدام حسێن ڕێگەی نەدا پاپا سەردانی عێراق بکات؟

2021.03.06 - 15:07
App store icon Play store icon Play store icon
بۆچی سەدام حسێن ڕێگەی نەدا پاپا سەردانی عێراق بکات؟

ناس کورد-

ساڵی 1999 پاپا یوحەنا پۆڵسی دووەم داوایكرد سەرەتای 2000 سەردانی ئور و بەجێهێنانی حەجی ئیبراهیمی بكات، بەڵام بەپێی هەندێك گێڕانەوە لەسەر ڕاسپاردەی كەسایەتییەكی مەسیحی، پۆزش بۆ سەردانەكە هێنراوەتەوە و سەری نەگرتووە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شێه عەبدولڕەزاق سەعدی كە شەرعزانێكی سوننەی نزیك بووە لە ڕژێمی پێشوو، لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە ( 6 ئازاری 2021) باس لەوە دەكات لەپاش داواكەی پاپا یوحەنا سەدام حسێن لیژنەیەكی لە خەڵكانی شیعە و سوننە و مەسیحی دروستكردووە كە هەندێك پسپۆڕی زانكۆییشیان تێدابووە بۆ ئەوەی ڕای خۆیان لەبارەی سەردانەكەوە بدەن دیارترین ئەو كەسانەش زانای شوێنەوارناسی مەسیحی بەهنام ئەبو صوف بووە.


بەقسەی عەبدولڕەزاق سەعدی، ئەبو سوف كە مەسیحییەكی عێراقی قاڵبووی شوێنەوارە، جەختی لەوە كردووەتەوە سەردانی پاپا لێكەوتەی خراپی دەبێت لەسەر عێراق چونكە ماف دەدات بە جوولەكە لەخاكی ئور و پشتڕاستی ڕاڤەی ئەوان بۆ دەقەكانی تەورات دەكاتەوە.

 

هەروەها ئەبو صوف باسی لەوەشكردووە ڤاتیكان هیچ پاڵپشتی خەموژانی عێراق نەبووە لە سەردەمی گەمارۆكان و پاش ئەو پێداگرییە لیژنەكە سەرجەم چوونەتە سەر بۆچوونەكەی و راپۆرتێكیان داوە بە سەدام حسێنی سەرۆكی لەسێدارەدراوی عێراق بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی دیبلۆماسی داواكەی پاپای ڤایتكان ڕەت بكاتەوە و ئەویش هەر وەهای كردووە.


سەردانی پاپا فرەنسیس بۆ عێراق كە لەدوێنێ هەینییەوە دەستی پێكردووە بە سەردانێكی مێژووی لەقەڵەم دەدرێت كە بەجێهێنانی خەونێكی دێرینی ڤاتیكانە بۆ سەردانی شوێنی لەدایكبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم كە باوە گەورەی پێغەمبەرانی جوولەكە و مەسیحی و ئیسلامیشە.

شارەزایان پێیان وایە ئەم سەردانە زۆر گرنگە بۆ عێراق وەك زیارەتگای حەجی مەسیحی و دەروازەیەكی نوێی گەشتتیاری و گرنگیپێدانی لەسەر ئاستی جیهان لێ دەكاتەوە بەو پێیەی لایەنگرانی پاپای ڤاتیكان بە ئامار لە ملیارێك كەس زیاترن.