گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

مەرجی سیستانی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پاپا ئاشکرا کرا

2021.03.06 - 11:50
App store icon Play store icon Play store icon
مەرجی سیستانی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پاپا ئاشکرا کرا

ناس کورد-

سەرچاوەیەک لە نوسینگەی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز مەرجی عەلی سیستانی بۆ بینین و کۆبوونەوە لەگەڵ پاپا ئاشکرا کردووە کە لەئێستادا بە سەردانێکی سێ ڕۆژە لە عێراقە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەیانی ئەمڕۆ پاپا فرانسیس، ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیھان لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەی بۆ عێراق گەیشتە شاری نەجەف و چاوی بە عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کەوت، کۆبوونەوەکەیان نزیکەى کاتژمێرێکی خایاند.  

 

بەپێى هەواڵێکى ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زارى سەرچاوەیەک لە نوسینگەى سەرۆک کۆمارى عێراق بڵاوى کردووەتەوە و ناس کوردیش بەدواداچوونى بۆ کردووە (6ى ئادارى 2021)، سیستانى بەو مەرجە بە دیدارەکەى پاپا ڕازى بووە کە هیچ بەرپرسێکى عێراقى ئامادەى دانیشتنەکەیان نەبێت.

 

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، کەمجار هەیە سیستانى تەمەن 90 ساڵ دیدار و کۆبونەوەکان پەسەند بکات، چەندین کۆبونەوەشی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى ئێستا و سەرۆک وەزیرانى پێشوو و وەزیرانی ترددا ڕەتکردووەتەوە.

me_ga.php?id=2792

هاوکات ل️ە ڕاگەیەنراوی نوسینگەی سیستانیدا لەبارەى کۆبوونەوەکە هاتووە، "گفتوگۆ کراوە لەسەر ئەو ئاڵنگارییە گەورانەى ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی بوونەتەوە و ڕۆڵی باوەڕ بە خوای باڵادەست (الايمان بالله) و بە پەیامەکانی و پابەندبوون بە بەها ئەخلاقییە بەرزەکان و سەرکەوتن بە سەریاندا."

 

دەشڵێت، "سەماحەتی سیستانی باسی گیرخواردنی زۆربەى وڵاتان کرد بە دەستی ستەم و ڕق و هەژاری و چەوسانەوەى ئاینی و فیکری و کپکردنی ئازادییە بنچینییەکان و نەبوونی دادگەری کۆمەڵایەتی کرد، بە تایبەت ئەوانەى کە گەلی ناوچەکەمان دەیچێژن لە شەڕ و کاری تێکدەرانە و گەمارۆی ئابوری و ئاوارەکردن و چەند شتێکی تر، بە تایبەت گەلی فەڵەستین لە خاکی داگیرکراودا."

 

ڕاگەیەنراوەکە باسی لەوەشکردووە کە سیستانی ئاماژەی بەو "ڕۆڵە کردووە کە پێویستە سەرکردە ئاینی و ڕۆحییەکان بیگێڕن بۆ وەستاندنی ئەم نەهامەتییانە، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەت هێزە گەورەکان هان بدرێن کە ژیری و دانایی زاڵ بکەن بەسەر زمانی شەڕدا، هەروەها بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان لەسەر حسابی مافی گەلان بۆ ژیانێکی ئازاد و بەڕێز فراوان نەکەن."

 

ڕاشیگەیاند، "سەماحەتی سەید سیستانی باسی لە ڕۆڵی مێژووی و پڕ لە سەروەری عێراق کرد و هیوای خواست کە ئەم دۆخەی ئێستای تێپەڕێنێت، جەختیشی کردەوە کە پێویستە هەموو هاوڵاتیانی مەسیحی وەک گەلانی تری عێراقی لە ئاسایش و ئاشتی تەواودا بژین و مافی تەواوی دەستورییان هەبێت."