گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڤیدیۆکە ببیە

لوبنان؛ ڤیدیۆی شەڕی دەستەویەخە لەسەر کیسێک شیر شەقام دەهەژێنێت

2021.03.05 - 19:11
App store icon Play store icon Play store icon
لوبنان؛ ڤیدیۆی شەڕی دەستەویەخە لەسەر کیسێک شیر شەقام دەهەژێنێت

ناس کورد-

بەهۆى كڕينى کیسێک شیرەوە شەڕی دەستەویەخە لەنێوان چەند كەسێك لە لوبنان دروست دەبێت و ئەوەش لە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان هەرا دەنێتەوە، لەكاتێكدا ئەو وڵاتە بە بارودۆخێكى ئابوريى سەختدا تێدەپەڕێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

پێگەى "أخبار لبنان" لە ڕاپۆرتێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (5ی ئازاری 2021) بڵاويكردوەتەوە، ڕوداوەكە لە يەكێك لە ناوەندە بازرگانيیەكانى ناوچەى حازميە لە بەيروت ڕويداوە و ژن و پياوێك لەسەر كيسێك شير دەبێت بە دەمەقاڵەيان، ئەوەش دواى ئەوەى پياوەكە دەيەوێت زياتر لە يەك كيسە شير بكڕێت بەڵام هيچ كيسە شيرێك نەمايەوە بۆ ژنەكە.

 

بەهۆى ئەوەشەوە دەمەقاڵێ دروست دەبێت، دواتر كارمەندێكى ناوەندەكە دەستپێشخەرى دەكات و يەكێك لە كيسە شيرەكان لە پياوەكە وەردەگرێتەوە و دەيدات بە ژنەكە، بەهۆى ئەوەشەوە پياوەكە پەلامارى كارمەندەكە و بەڕێوەبەرى ناوەندەكە دەدات و لێيان دەدات.

 

لاى خۆشيەوە ئيدارەى ناوەندى بازرگانى "سبينيس" لە بەياننامەيەكدا بڵاويكردوەتەوە، هۆكارى ڕوداوەكە ئەوەبووە پياوەكە ويستويەتى بڕێكى زۆر شير و زەيت بكرێت بەڵام بڕێكى دياريكراو هەبووە.

گرتە ڤيديۆى ڕوداوەكە لەسەر ئاستێكى فراوان بڵاوبوەتەوە و چەندين كەسايەتى ديار و هونەرمەند بڵاويانكردوەتەوە و باسى ڕوداوەكەيان كردوە، لاى خۆيەوە هونەرمەندى گۆرانيبێژ ڕاغب عەلامە نوسيويەتى، "لوبنانى جوانتان وێرانكرد و ئازارى گەلەكەيتاندا كە بە باشيەكەيان و بەخشندەيى و پياوەتيان بەناوبانگن، واى لێهاتووە خەڵك لەسەر كيلۆيەك شيرى منداڵ شەڕ دەكەن".

 

بڵاوبونەوەى ڤيديۆكە بووە هۆى سەرهەڵدانى خۆپيشاندانانى فراوان لە چەندين شارى لوبنان و چەندين ڕێگەى سەرەكى گيران، بەهۆى ئەوەشەوە سوپاى ئەو وڵاتە بڵاوەيان پێكرا بۆ كردنەوەى ڕێگەكان، لە لوبنانى پايتەختيش سەدان کەس كۆبوونەوە و دروشميان دژى خراپى بارودۆخى ئابوريى وڵات دەوتەوە و چەندين شەقام و ڕێگەى سەرەكيان داخست.

لوبنان بە بارودۆخێكى سەختى ئابوريدا تێدەپەڕێت و نرخى ليرەى لوبنانى بەرامبەر دۆلار هاڕەى كردووە و 10 هەزار ليرە بەرامبەر يەك دۆلارە لە بازاڕى ڕەشدا، لاى خۆشيەوە ميشال عون سەرۆكى ئەو وڵاتە داواى كردوە لێكۆڵينەوە لە هۆكارى دابەزينى نرخى ليرە بكرێت.