کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم له پهرلهمانی كوردستان، داوا دەکەن پارێزگاری كهركووك به وهكالهت و بهرپرسانی ئیداری شارەکە دوور بخرێنهوه و هێزی پێشمەرگە بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە پێشتر لێی بوون. . لە دوای زنجیرە تەقینەوەکەی شەوی ڕابردووی شاری کەرکوک، لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و جگە لەوەی پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی شەھیدەكانی تەقینەوەکانی شەوی ڕابردووی کەرکوک دەكات و ھیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازێت، بە توندی ئیدانەكردنی ئەو كردەوە تیرۆریستییانە دەکات و داوا دەکەن بە خێرایی كاربكرێت بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و گەیاندنیان بە سزای یاسایی. . لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ھێزە فەرمییەكانی دەوڵەتی عێراق و "میلیشیاكان" بە ھیچ جۆرێك توانای پاراستنی سەقامگیری ئەو ناوچانەیان نییە و ژیانی ھاووڵاتیانی سەرجەم پێكھاتەكان بەتایبەت ھاووڵاتیانی كورد لە مەترسیدایە و بۆشاییەكی ئەمنی گەورە دروست بووە. . بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ھەموو ئەو رووداوانەی لەو ناوچانە دەگوزەرێن، بە پیادەكردنی شێوازێكی جیاواز لە تەعریبكردن دەبینن، كە سەرەڕای تێكدانی رەوشی سەقامگیری ئەو ناوچانە، ئاشتی كۆمەڵایەتی لە نێوان پێكھاتەكان دەخاتە مەترسییەوە و داوادەکەن ھەرچی زووترە كاربكرێت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە. . لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، داوایکردووە پارێزگاری بە وەكالەتی کەرکوک و سەرجەم ئەو بەرپرسانەی لە یەكە ئیدارییەكانی پارێزگاکە ، كە بە بێ ھەڵبژاردن و ویستی پێكھاتەكانی ئەو ناوچانە، داسەپێنراون بگۆڕدرێن و هەروەها كاری جددی بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی (ماددەی 140) لە دەستووری عێراق بکرێت، كە چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەرجەم كێشەكانی ئەو ناوچانە دەبێت. . داواشیانکردووە، ھێزی پێشمەرگەی كوردستان بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانی پێشتر و پاراستنی كهركووك بە ھاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق و رادەستكردنی دۆسیەی ئەمنی شارەكان بە پۆلیس و ھێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ. .