ناس کورد-
رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، ده‌ستکه‌وته گەورەکانی ڕاپه‌ڕین و گیانبەخشیی پێشمەرگەو قوربانیدانی گەل بۆ ئازادیی خەریکە دەچێتە قۆناغی بێهودەییەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
رێواز فایەق ئەمڕۆ هەینى لە پەیامێکدا بەبۆنەى ساڵیادى راپەڕینەوە کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە داواکار لە دامەزراوە دەستوورییەکانی کوردستان دەکات "لەڕوانگەی بەرپرسیارێتیی هاوبەش و تەواوکاریمان پێکەوە، کاری لێبڕاوانەو دەستەجەمعی بکەین له‌پێناو بەهێزکردنی متمانه له‌نێوان هاووڵاتییان و دامەزراوەکان".
دەقى پەیامەکە:
به‌بۆنه‌ی (30) سیهه‌مین ساڵیادی ڕاپه‌ڕینه مه‌زنه‌که‌ی گه‌لی کوردستان له 5ی ئازاری 1991، گه‌رمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م کوردستانیانی ئازیز‌و بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و چین و توێژ‌و پێکهاته ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه جیاوازه‌کانی کوردستان ده‌که‌ین، هیواخوازین ئه‌م یاده شکۆداره ببێتە مایەی ده‌ستپێکێکی نوێ له‌خه‌بات و تێکۆشانی گه‌له‌که‌مان بۆ بنیادنان و بووژانه‌وه‌ی زیاتری کوردستان.
کوردستانیانی ئازیز....
ئه‌وێ ڕۆژی خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوی کوردستان له‌پێناو سەندنی ئازادی و به‌رگریکردن له‌به‌ها پیرۆزه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی سڕینه‌وه‌ی نه‌ژادی و به‌عه‌ره‌بکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان، به‌پاڵپشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ڕژێمی به‌عسی خۆسهپێنهریان لەکوردستان هه‌ڵته‌کاند، دواجاریش هه‌ر ئه‌م ڕاپه‌ڕینه مه‌زنه بووه ئیلهامبەخشی درێژه‌پێدانی خه‌باتی گه‌لانی دیکه‌ی عێراق تاکۆتاییهاتنی یه‌کجاره‌کی بەڕژێمی بەعسی داپڵۆسێنه‌ر.
ئێمه له‌کاتێکدا ئه‌م یاده شکۆداره به‌رز ڕاده‌گرین، که‌هێشتا ویست و داخوازییه ڕه‌واکانی گه‌له‌که‌مان و ئامانجەکانی ڕاپەڕین به‌ته‌واوه‌تی نه‌هاتوونه‌ته دی، هه‌ر له‌یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ناوچه کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تا ده‌گاته پرسه هه‌ڵواسراوه‌کانی پێشمەرگەو دارایی و بودجه‌و جێبەجێکردنی تەواوی دەستووری ساڵی ۲٠٠٥.
هاوکات ئه‌مڕۆ کوردستان به‌قه‌یرانێکی دژوار‌و سه‌ختی سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا تێده‌په‌ڕێت، لای خه‌ڵکی کوردستان به‌هۆی نادادی و نابه‌رابه‌ری له‌شێوازی ژیانی چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه، ڕێژه‌ی بێ‌کاری و وەگەڕنەخستنی توانا‌و پسپۆریی هه‌زاران ده‌رچووی زانکۆکان، لەسەرخۆی پرۆسەکانی چاکسازی، کێشەی زۆری سێکتەرەکانی خوێندن و تەندروستی و چەندین کێشەی تر، ده‌ستکه‌وته گەورەکانی ڕاپه‌ڕین و گیانبەخشیی پێشمەرگەو قوربانیدانی گەلەکەمان بۆ ئەو ئازادییە خەریکە دەچێتە قۆناغی بێهودەییەوە.
بۆیە لەم یاده پیرۆزه‌دا داواکارم هەموو دامەزراوە دەستوورییەکانی کوردستان، لەڕوانگەی بەرپرسیارێتیی هاوبەش و تەواوکاریمان پێکەوە، کاری لێبڕاوانەو دەستەجەمعی بکەین له‌پێناو بەهێزکردنی متمانه له‌نێوان هاووڵاتییان و دامەزراوەکانداو ھەموو ھەنگاوەکانمان چڕ بکەینەوە بەئاراستەی بەدیهێنانی ویست و داخوازییە ڕەواکانی کوردستانییان لەفەراهەمکردنی ئازادی و سەروەریی یاسا‌و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و دابینکردنی سەقامگیریی دەروونی و سیاسی و ئابووری بۆیان.
له‌کۆتاییدا سه‌ری ڕێز‌و نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان داده‌نه‌وێنین، به‌تایبه‌ت شه‌هیدانی 5ی ئازار له‌ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕین و سه‌رجه‌م شار‌و شارۆچکه‌کانی کوردستان، هه‌میشه سه‌رفرازبن.
د.ڕێواز فایق
سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان
5ى ئازارى 2021