گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

هەوڵی گواستنەوەی کەیسەکەی غالب محەمەد دەدرێت بۆ بەغدا

2021.03.04 - 22:45
App store icon Play store icon Play store icon
هەوڵی گواستنەوەی کەیسەکەی غالب محەمەد دەدرێت بۆ بەغدا

 ناس کورد-

ئەندامێکی هاوپەیمانیی هیوا لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەوڵدەدەن کەسیی هێرشکردنەسەر د. غالب محەمەد بگوازنەوە بۆ بەغدا و دووریبخەنەوە لە دەستوەردانی سیاسی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی هاوپەمانیی هیوا لە پەرلەمانی عێراق (پێنجشەممە 4ی ئاداری 2021) لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی ڕایگەیاند، "لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنە عیراقییەکان بە هاوئاهەنگیی و پشتیوانیی هاوپەیمانیی هیوای کوردستانی داوایان لە سەرۆکی پەرلەمان کرد کە لێکۆڵینەوە لەکەیسی هەوڵی تیرۆرکردنی هاوڕێمان (د.غالب محەمەد) بگوازرێتەوە بەغدا ئەویش بە حوکمی ئەوەی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقە."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەبەرامبەردا محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوایکرد کە پەرلەمانتار، د.غالب بەرەسمی ئەو داوایەی ئاراستە بکات بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی جێبەجێکردنی داواکە."

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بێگومان ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ دوورخستنەوەی کەیسەکە لەموجامەلەی سیاسی و دەرخستنی راستییەکان وەک خۆی."

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەدوای هێرشکردنەسەر د. غالب محەمەد، هەواڵی دەستگیرکردنی سێ کەس لەسەر کەیسەکە بڵاوبووەوە و دواتریش هەواڵی ئازادکردنیان بڵاوبووەوە، بەڵام هیچ یەک لە پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی تاوەکو ئێستا نە لەسەر دەستگیرکردن و نە لەسەر ئازادکردنی ئەو سێ کەس هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

 

لاهور شێج جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (چوارشەممە 3ی ئاداری 2021) پەیامێکی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی کرد و ڕەخنەی ئەوەی لێگرت کە دەستوەردان لەو کەیسەدا دەکات.  

 

هاوسەرۆکی یەکێتی لە تویتێکدا ڕایگەیاند، "دەستیان داوەتە کاروباری دادگا بۆ ئەوەی ئەو سێ کەسە ئازاد بکرێن و کەیسەکە دیزە بە دەرخونە بکرێت، بۆیە سەرۆکی حکومەت لێرەوە پێت دەڵێم تۆ بە تەواوەتی متمانەت لەدەستداوە ئەگینا ئەمەت قبوڵ نەدەکرد. " 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر ئەو حکومەتەی کە لە کەیسی دەستگیرکردنی (٥) چالاکوانەکەی بادینان داوای لە هەموو لایەنەکان دەکرد کە دەستوەردان لە کاروباری دادگا نەکەن، کەچی هەمان حکومەت بە ئاشکرا و بە هەڕەشەکردن داوای ئازادکردنی (٣) ئەفسەری دەزگایەکی هەواڵگریی هەرێم دەکات کە لەسەر کەیسی پەلاماردانی پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیر کراون." 

 

هەر لەدوای ئەوەش، لە ڕاگەیەنراوێکدا وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان (چوارشەممە 3ی ئاداری 2021) ڕایگەیاند، "سەرۆکی حکومەت پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ دادگاکانی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و سەربەخۆییانە و دوور لە ئەجێندا و بەرژەوەندی هیچ لایەک و دوور لە فشاری تاک و لایەنە سیاسیەکان، بڕیار لە سەر هەموو کەیسەکان بدات و هیچ کەیسێکیش پشتگوێ نەخرێت."   

 

ئاماژەی بەوەشکرد، " لەوانە کەیسی ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوژین و منداڵەکەی، داواش لە هەموو لایەک دەکات، خۆیان نەکەنە جێگرەوەی دادگاکان."