گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

کۆشکى سپى ستراتیژى نوێی بایدن بۆ خۆرهەڵاتى ناوەڕاست ئاشکرا دەکات

2021.03.04 - 11:59
App store icon Play store icon Play store icon
کۆشکى سپى ستراتیژى نوێی بایدن بۆ خۆرهەڵاتى ناوەڕاست ئاشکرا دەکات

  ناس کورد- 

کۆشکى سپى ستراتیژێکى نوێى ئەمەریکا کە بایدن گرتوویەتیە بەر ئاشکرا دەکات، بەپێى ناوەڕۆکەکەى بەشێکى زۆرى پەیوەندى بەیەکلایکردنەوەى ناکۆکیەکانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستەوە  هەیە و بژاردەى سەربازیش ڕەتکراوەتەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماڵپەڕى سکاى نیوز (4ى ئازارى 2021) لە هەواڵێکدا کە " ناس کورد " بەدواداچوونى بۆ کردووە بڵاوى کردەوە، کۆشکى سپى ستراتیژێکى نوێى جۆ بایدنى سەرۆکى ئەمەریکاى ئاشکرا کردووە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان دایناوە، لەوانە قاعیدە و ڕێگرى لەگەڕانەوەى داعش بۆ سوریا و عێراق و هەروەها کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانیە ناوچەیەکانى ئەمەریکا بۆ بەربەستدانان لەبەردەم چەند سیاسەتێکى زیانبارى ئێران بۆ ناوچەکە.

 

ئیدارەى بایدن ئەوەشى ڕاگەیاندووە، مەبەست لەو ستراتیژە نوێیە ئارامکردنەوەى گرژییەکانى ناوچەکانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستە.

 

ئەوەش ئاشکرا کراوە، ستراتیژە نوێیەکە، داواى چارەسەرکردنى ناکۆکییە چەکدارییەکان دەکات لەخۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا کە دەبێتە هۆى ناسەقامگیریى و لەو میانەشدا ئاماژە بۆ چارەسەرى ناکۆکیەکانى نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل کراوە و هەروەها جەخت لەپاراستنى ئاسایشى ئیسرائیل و هاندان بۆ ئاشتى لەناوچەکەدا کراوەتەوە.

 

بەپێى ستراتیژە نوێیەکە، بژاردەى سەربازى بەوەڵامدانەوەیەکى گونجاو بۆ چارەسەرکردنى ئاڵنگارییەکانى ناوچەکە نازانرێت.

 

ئاشکراکردنى ناوەڕۆکى ستراتیژە نوێیەکەى ئەمەریکا دواى ئەوە هات، ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمزى ئەمەریکا بڵاوى کردەوە، بایدن هێرشکردنى فڕۆکە بێفڕکەوانەکانى لەناوچەى دەرەوەى ناکۆکییەکان لەئۆپراسیۆنەکانى دژى تیرۆر قەدەغە کردووە.

 

بەپێى خاڵێکى ترى ستراتیژە نوێیەکەى ئەمەریکا، سوپا و هەواڵگرى ئەمەریکا پابەندن بۆ وەرگرتنى ڕەزامەندى لەکۆشکى سپییەوە پێش ئەنجامدانى هەر هێرشێک.