ناس کورد-
دوو بەرپرسى ئەمەریکى ئاشکراى دەکەن، هێرشە موشەکیەکەى سەر بنکەى عەینولئەسەدى عێڕاق کە هەفتەى ڕابردوو ئەنجامدرا دژى هێزە ئەمەریکیەکان، شوێنپەنجەى گروپە چەکدارەکانى نزیک لەئێرانى پێوە دەرکەوتووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاژانسى هەواڵى ڕۆیتەرز (4ى ئادارى 2021) لەهەواڵێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، لەسەر زارى دوو بەرپرسى ئەمەریکییەوە بڵاوى کردەوە، هێرشە موشەکیەکەى ئەمدواییە بۆ سەر هێزەکانى ئەمەریکا لەعێراق شوێنپەنجەى گروپەکانى سەر بەئێرانى لەسەر دەرکەوتووە بەڵام وەزارەتى بەرگرى ئەڵێت هێشتا زووە بۆ گەیشتنە ئەنجامەکان.
پنتاگۆن لەسەر ڕووداوەکە باسى لەوەش کردووە، هیچ هەواڵێک لەسەر برینداربوونى سەربازە ئەمەریکییەکان نیە بەڵام خانەنشینێکى مەدەنیى ئەمەریکى لەکاتى هێرشەکەدا بەجەڵتەى دڵ گیانى لەدەستداوە.
پنتاگۆن ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، پێدەچێت موشەکەکان لەبنکەیەکى خۆرهەڵاتى بنکەى عێراقییەوە وەشاندرابێت کەساڵى ڕابردووش لەلایەن موشەکى بالیستیى ئێرانیەوە ڕاستەوخۆ کرایە ئامانج.
لەسەر ئەو هێرشانەى ئەمدواییە، ژین ساکى وتەبێژى کۆشکى سپى ڕایگەیاند، ئەمەریکا کاریگەرى هێرشەکە و ئەو لایەنەى کە بەرپرسە لەو کارە هەڵدەسەنگێنێت.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، ئەگەر پێویست بکات ئەوا ڕێوشوێنى توندتر دەگرنە بەر بەڵام نایانەوێت پەلە بکەن بۆ هەندێ بڕیار لەسەر دۆخەکە کە نەیارەکانیان سودى لێ وەربگرن.
هاوکات سەرچاوەیەکى سەربازى لەئۆپراسیۆنەکانى بەغدا ڕایگەیاندووە، موشەکەکان لەشوێنێکەوە وەشێنراون کە هەشت کلیۆمەتر دوورە لەبنکەیەکى پارێزگاى ئەنبارەوە.
ئەوەشى درکاندووە، موشەکەکان لەناوچەى بیادرى خۆرئاواى شارى بەغداوە وەشێنراوە.