گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

بۆ نەهێشتنى ’بندیوار و دوو موچەیى’ بایۆمەترى لە وەزارەتى پەروەردەوە دەستپێدەکات 

2021.03.04 - 09:47
App store icon Play store icon Play store icon
بۆ نەهێشتنى ’بندیوار و دوو موچەیى’ بایۆمەترى لە وەزارەتى پەروەردەوە دەستپێدەکات 

ناس کورد- 

وەزارەتى پلاندانانى عێراق بڕیاریداوە بۆ تاقیکردنەوەى سیستمى بایۆمەترى فەرمانبەران لەوەزارەتى پەروەردەوە وەکو یەکەم وەزارەت دەستپێبکات، دەشڵێت ئەو سیستمە چارەسەرى کێشەى چەند موچەیى و بندیوارەکان دەکات.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەبدولزەهرە هەنداوى وتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق  (4ى ئازارى 2021) لەمیانەى لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى سەباحى فەرمى کە "ناس کورد"  بەدواداچوونى بۆ کردووە ڕایگەیاند، لیژنەیەک کە بەسەرۆکایەتى وەزیرى پلاندانان و ژمارەیەک لەلایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهێنراوە بۆ بایۆمەترى فەرمانبەران ڕاسپاردەکانى بۆ ئەنجومەنى وەزیران بەرزکردووەتەوە .

 

وتوشیەتى، دواتر لیژنەیەکى جێبەجێکار پێکهێنراوە بەسەرۆکایەتى سەرۆکى دەزگاى ئامار و نوێنەرى وەزارەتەکانى ناوخۆ و دارایى و پەیوەندییەکان و دیوانى چاودێرى و نوسینگەى سەرۆک وەزیران و ئەمێندارێتى گشتى و ئەو لیژنەیەش لەسەرەتاى ئەمساڵەوە دەستى بەکارەکانى کردووە لەڕێگەى تیمى گەڕۆکەوە لەدەزگاى ئامارى ناوەندى بۆ پێداچوونەوە بەتەواوى داتاکانى تایبەت بەفەرمانبەران لەهەموو وەزارەتەکاندا.

 

هەنداوى ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، نەبوونى ژمارەى تەواوى فەرمانبەرانى دەوڵەت گرفتى دارایى دروستدەکات بۆیە بایۆمەترى لیستێکى باشە بۆ کۆکردنەوەى سەرجەم داتاکان لەسەر فەرمانبەران بەوردى و ئەوکاتیش چارەى هەموو کێشەکانى پێدەکرێت لەوانە دوو موچەیى و بندیوارەکان و بایۆمەتریش دەبەسترێتەوە بە کارتى نیشتیمانیەوە.

 

وتەبێژى وەزارەتى پلاندانان جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، سەرەتا وەزارەتى پەروەردە وەکو یەکەم وەزارەت بۆ تاقیکردنەوەى سیستمەکە هەڵبژێردراوە بەو پێیەى زۆرترین ژمارەى فەرمانبەرانى هەیە لەهەموو پارێزگاکاندا و لیژنەکەش نزیکەى 6 مانگى تەرخانکردووە بۆ تەواوکردنى کارەکان و لەئێستاشدا پڕۆسەکە بەردەوامە.