ناس کورد-
سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، ئەوانەى هێرشى موشەکى بۆ سەر سەربازگەکان ئەنجام دەدەن هیچ ئینتیمایەکى راستەقینەیان بۆ عێراق نییە و تەنها زیان بە پێشکەوتن دەگەیەنن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مستەفا کازمى، سەرۆک وەزیران و سەرۆکى هێزە چەکدارەکانى عێراق (چوارشەممە 3ى ئازارى 2021) لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وزارى بۆ ئاسایشى نیشتمانى وتى، ئەوانەى هێرشى موشەکى بۆ سەر بنکە سەربازیەکان ئەنجام دەدەن هیچ ئینتیمایەکیان بۆ عێراق نییە و هیچ بیانویەکیان نییە لەژێر هیچ ناو و ناونیشانێک.
باسى لەوەشکردووە، ئەو کارانە تەنها زیان بەو پێشکەوتنە دەگەیەنێت کە عێراق بەدیهێناوە، لە لایەکەوە قەیرانى ئابوریى تێپەڕاندووە و هەروەها ڕۆڵى عێراق لە سەقامگیرى و ئاسایشى هەرێمى و نێودەوڵەتى.
کازمى جەختیلەوەشکردوەتەوە، ڕێنمایى ئاشکرا دراوەتە لایەنە ئەمنیەکان بۆ گرتنەبەرى هەڵوێستى یەکلاکەرەوە لەگەڵ ئەو گروپانەدا لەژێر هەر ناو و پڕوپاگەندەیەکدا بن، هەر لایەنێک پێى وایە لە سەرووى دەوڵەتەوەیە یاخود دەتوانێت ئەجێنداکانى بەسەر عێراق و داهاتووى ڕۆڵەکانى بسەپێنێت ئەوا لە وەهمدا دەژى.
سەرۆکى وەزیرانى عێڕاق داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات هەڵوێستى ڕوون و ڕاشکاوانە بۆ پشتیوانى حکومەت دەرببڕن.
سەرچاوەیەکى ئاگادار ئەمڕۆ چوارشەممە بە "ناس" ى راگەیاند، 10 موشوکى کاتیۆشا ئاڕاستەى بنکەى عەین ئەسەد کراوە.
لاى خۆیەوە، شانەى میدیاى ئەمنى لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، 10 موشەکى جۆرى گراد لەبنکەى ئاسمانى عەین ئەسەد کەوتونەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەى هیچ زیانێکى ئەوتۆى لێکەوتبێتەوە و هێزە ئەمنییەکان سەکۆى هەڵدانى موشەکانیان دۆزیوەتەوە.
هێرشەکە دواى کەمتر لە هەفتەیەک دێت لە هێرشەکەى ئەمریکا بۆ سەر چەند پێگەیەکى گروپە چەکدارەکان لەسەر سنورى عێراق و سوریا، لە تۆڵەى هێرشە موشەکییەکانى بەغدا و هەولێر.