گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

’’نەرمییەكی بێ پێشینە’’..پارتی و یەكێتی بەجیا لەگەڵ دوو جەمسەری شیعە سەرقاڵی هاوپەیمانین 

2021.03.03 - 14:58
App store icon Play store icon Play store icon
’’نەرمییەكی بێ پێشینە’’..پارتی و یەكێتی بەجیا لەگەڵ دوو جەمسەری شیعە سەرقاڵی هاوپەیمانین 

ناس کورد-

 

سەرۆكی ئەنجومەنی راوێژكاری عێراقی ئاشكرایكرد پارتی لەگەڵ سەدرییەكان سەرقاڵی هاوپەیمانییە بۆ هەڵبژاردن و یەكێتی لەگەڵ ڕەوتی حیكمەی عەممار حەكیم. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فەرهاد عەلائەدین لە شیكارێكدا كە وەك چاودێری ڕەوشی سیاسی عێراق و پێشهاتەكانی هەڵبژاردن ئامادەی كردووە و وێنەی داوەتە ناس كورد (3 ئازاری 2021) ئاماژە بەوەدەكات لەماوەی مانگێكدا سێ شاندی پارتی سێ جار سەردانی بەغدایان كردووە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دانوستانی قووڵیان كردووە لەبارەی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی و دەڵێت "پارتی نەرمییەكی بێ پێشینەی نواندووە".

 

فەرهاد عەلائەدین باس لەوەش دەكات پارتی لەگەڵ سەدرییەكان زۆر چووەتە پێش و داوای هاوپەیمانێتییەكی درێژخایەتی كردووە، بەڵام سەدرییەكان رەتیانكردووەتەوە چونكە ئەیانەوێ بەتەنها بەشداری هەڵبژاردن بكەن.

 

هەروەها دەڵێت ئەوەی جێگەی سەرنجە پارتی دەیەوێت بەتەنها هاوپەیمانێتی گرێ بدات، مەرجیشی ئەوەیە هێزە كوردییەكانیتری لەگەڵدا نەبن و پۆستە باڵاكانی كورد وەرگرێت دواتر لەوانەش سەرۆكایەتی كۆمار. 

 

سەبارەت بەیەكێتی نیشتمانی فەرهاد عەلائەدین ئەوە دەخاتەڕوو گەیشتوونەتە لێكگەیشتنی تەواوەتی لەگەڵ عەممار حەكیم بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی.

 

مەیادە نەجار، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان (2ی شوباتی 2021) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ"ناس کورد" ڕایگەیاند، "بەشێکی زۆر لە لایەنە عێراقییەکان خواستی ئەوەیان هەیە لەگەڵ پارتی هاوپەیمانێتی دروست بکەن، ئەوەش بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق".  

  

لە وەڵامی پرسیاری ئایا پارتی و سائیرون گفتوگۆیان کردووە لەبارەى دروستکردنی هاوپەیمانێتی، مەیادە نەجار وتی پێی باش نییە لەسەر ئەو بابەتە قسە بکات.  

  

وتیشی، "هێزە عێراقییە شیعییەکان و سوننەکان دەستپێشخەری ئەوەیان بۆ پارتی کردووە کە لە چوارچێوەی یەک هاوپەیمانێتیدا بن، پارتیش هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەولایەنانە دەکات کە بەرژەوەندی و مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بەرچاوبگرێت".  

  

بەوتەی مەیادە نەجار، "پارتی بەردەوام پابەندی پرنسیپەکانی خۆی بووە کە باوەڕی پێی هەیە وبەردەوام سیاسەتێکی نەگۆڕی پەیڕەوکردووە، بۆیە ئەو لایەنە عێراقیانەی خواستی ئەوەیان هەیە هاوپەیمانێتی لەگەڵدا پێکبهێنن".