ناس کورد-
وەزارەتی پلاندانانی عێراق بوونی ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد بۆ چاودێریکردنی شتومەکی هاوردەکراو بۆ عێراق لە ڕێگەی دەروازە سنورییەکانی هەرێمەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حسێن عەلی داود، سەرۆکى دەزگای ناوەندی کۆنتڕۆڵی جۆری لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە پۆستێکی فەیسبوکیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (3ی ئازاری 2021) دەڵێت، بەپێی ڕێککەوتنە سەرەتاییەکە، شتومەک و کەلوپەلی هاوردەکراو لەلایەن کارمەندانی دەزگا فیدڕاڵییەکە چاودێری دەکرێت و کارمەندانی دەروازە سنورییەکان و دەستەی گومرگی فیدڕاڵیش دەنێردرێنە بازگەکانەوە."
باسی لەوەشکردووە کە "سەرۆکى دەستەى دەروازە سنورییەکانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ئەو بابەتەیان گفتوگۆکردووە و ڕێککەوتوون لەسەر کارکردنی پێکەوەیی لە قۆناغەکانی داهاتوودا."
سەرۆکى دەزگای ناوەندی کۆنتڕۆڵی جۆری لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق جەختی کردەوە کە "وردەکاری ڕێککەوتنەکە هێشتا نەدراوە بە دەزگاکە" بەڵام هیوای خواست "ئەو ڕێککەوتنە ئاسانکاری بۆ دەزگاکە بکات کە چاودێری کەلوپەلە هاوردەکراوەکان بکات لەڕێگەی دەروازە سنورییەکانی هەرێمەوە."
لەبارەى کاری چوار کۆمپانیا جیهانییەکەوە بۆ چاودێریکردن و پشکنینی کەلوپەلی هاوردە، حسێن عەلی داود وتی، "زیاتر لە ساڵێکە ئەو سیستمەکە کەوتووەتەکار و دەزگاکەشمان بە بەردەوامی چاودێری کاری ئەوان دەکات."
مانگی تشرینی دووەمی 2019، عێراق گرێبەستی لەگەڵ چوار کۆمپانیای جیهانی تایبەتمەند بەست بۆ ماوەی سێ ساڵ تاوەکو پشکنین بکەن بۆ کەلوپەلی هاوردە لە دەروازە سنورییەکانەوە.
حسێن عەلی داود جەختی کردەوە کە "ئەو بەرنامەیە سەرجەم دەروازە سنورییە دەریایی و وشکانی و ئاسمانییەکان دەگرێتەوە و کەلوپەلەکان بەپێی ستانداردی جیهانی دەپشکنرێن."