ناس کورد-
لیژنەی دەسپاکیی پەرلەمانی کوردستان بەدواداچوون بۆ کەیسی "20 ملیارەکەی پایتەختی ڕۆشنبیری و پێنج ملیۆن دۆلارەکەی هەولیر و بردنەدەرەوەی شەش ملیار یۆرۆ بۆ دەرەوەی وڵات" دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا لیژنەی دەسپاکیی پەرلەمانی کوردستان (سێشەممە 2ی ئاداری 2021) ڕایگەیاند، "بەمەبەستی ئاراستەكردنی نوسراو بۆ چەند بابەتێك، ئهمڕۆ سێشهمه لیژنەکە کۆبووەوە و گفتوگۆ لەسەر یاداشتی پەرلەمانتارێك کرا تایبەت بەبردنە دەرەوەی شەش ملیار یۆرۆ و لیژنەکە بڕیاریدا نوسراو ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكات بۆئەوەی بەڵگەی پێویست بخرێتەبەر دەستی لیژنەكه."
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لهكۆبوونهوهكدا لیژنه بڕیاریدا بهئاراستەكردنی نوسراو بۆ سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی سەبارەت بەهەردوو دۆسییەی (كەیسی تەرخانكردنی 5 ملیۆن دۆلار بۆ هەولێر وەك پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی و كەیسی 20 ملیار دینار بۆ سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیری).
ساڵی 2013، لەژێر ناوی پایتەختی ڕۆشنبیری بڕی 20 ملیار دینار بۆ سلێمانی تەرخانکرا و پارەکە لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانیدا بوو، بەڵام دوای چەند ساڵێک چۆنێتی خەرجکردنی پارەکە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
ناس کورد وەک یەکەم دەزگای میدیایی، لەزاری ئاڤان جەمال، سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبیریی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایکرد کە پارەکە بە چەند شێوازێکی جیا بەهەدەردانی تێدا کراوە.
هاوکات، لەژێر ناوی پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی، بڕی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ شاری هەولێر تەرخانکرا، بەڵام بەهەمانشێوە ئەویش گومان لە چۆنێتی خەرجکردنیدا هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەو کەیسانە بڵاونەکراونەتەوە.