گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەسرور بارزانی: دەبێت ڤاکسین بۆ شەش ملیۆن هاوڵاتی هەرێم دابین بکەین

2021.03.02 - 20:40
App store icon Play store icon Play store icon
مەسرور بارزانی: دەبێت ڤاکسین بۆ شەش ملیۆن هاوڵاتی هەرێم دابین بکەین

ناس کورد-

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، جگە لەوەى لەگەڵ بەغدا کار دەکات بۆ بەدەستهێنانی پشکی هەرێم لە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا، "ئێمە لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسین ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیداین بۆ بەدەستهێنانی ڤاكسینی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە، مەسرور بارزانی دەڵێت، "خۆشحاڵم به‌ گه‌یشتنی یه‌كه‌م كاروانی ڤاكسینی دژ به‌ ڤایرۆسی کۆڕۆنا (COVID-19 ) بۆ هه‌رێمی كوردستان، کە لە لایەن وڵاتی چینەوە بەخشراوە."

 

دەشڵێت، "پاش په‌سه‌ندكردنی پلانی دابه‌شكردن، ڤاكسینه‌كان بۆ سه‌نته‌رەکانی دیاریكراو له‌ هەموو پارێزگاکان، دابین ده‌كرێت تاکو بدرێ به‌و گرووپانەی له‌ هێڵی پێشەوەن و مەترسییان لەسەرە."

 

جەختی کردووەتەوە کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ، کار ده‌كات بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڤاكسین و دڵنیابوون لە دابینکردنی بەشی هەرێم لەو بڕە ڤاکسینەی بە حکومەتی فیدراڵ دەدرێت، ئێمە لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسین، ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیداین بۆ بەدەستهێنانی ڤاكسینی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان. من بەجیددی کار لە سەر ئەم بابەتە دەکەم و بەدواداچوون ده‌كه‌م بۆ دڵنیابوون لەوەی، هەر کوردستانییەک بە زووترین کات ڤاكسینی پێ بگات."

 

مەسرور بارزانی دەشڵێت، "بێگومان ئەمە كارێكی ئاسان نابێت، بەڵام ده‌بێت ڤاكسین بۆ زیاتر له‌ 6 ملیۆن هاووڵاتی هەرێم دابین بكه‌ین، حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ئێستا كار له‌ سه‌ر ئەنجامدانی بەرنامەیەکی کوتانی گشتگیر بۆ دانیشتووانی هەرێم دەکات، كه‌ تیمی ته‌ندروستی و کارمەندانی هێڵی پێشه‌وه‌ی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و كارمه‌ندانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن و ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان هەیە دەگرێتەوە."

 

"پاشان كوتانی زۆرترین ڕێژه‌ی هاووڵاتیان به‌پێی ته‌مه‌ن و ڕێنماییە دیاریکراوەکان دەست پێ دەکات . هیوادارین دوای ئەم قۆناغە، بتوانین بگەڕێینەوە سەر ژیان و گوزەرانی خۆمان و دۆخی ئابووریش گەشە بکاتەوە."

 

سەرۆکى حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکردووە کە "من دڵنیام ده‌توانین باردۆخه‌كه‌ ئاسایی بکەینەوە، بەڵام بێگومان حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت بە تەنیا ئەمە بکات، بۆیە دەبێت هاووڵاتییان بەگشتی، هاوکار و یارمەتیدەر بن و ڕۆڵی خۆیان لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا بگێڕن . ئه‌مه‌ش لە ڕێگەی پابەندبوون بە ڕێنماییه‌كانی تەندروستی و ڕێکارەکانی خۆپارێزی کە لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگەیە بە گشتی."