ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی دەستگیرکردنی داعشێکی لە سلێمانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، مانگی شوبات لە سوریاوە چووەتە هەولێر و دواتر هاتووەتە سلێمانی و دەستگیرکراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی (سێشەممە 2ی ئاداری 2021) ڕایگەیاند، "لەسەربنەمای هەبوونی زانیاری پێشوەختە هێزەکانمان کەسێکیان بەناوی (م ، ص ، م ، م) دەستگیرکرد کە لەڕیزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لەعێراق و شام بووە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "تۆمەتباری ئاماژە بۆکراو لەساڵی2014 لە پارێزگای سەلاحەدین لەقەزای بێجی پەیوەندی کردوە و بەیعەتی بەدەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام داوە تاوەکو ساڵی 2015 لە عێراق لەگەڵیان ماوەتەوە پاش تێکشکاندنی ڕیزەکانی داعش لەسنوری پارێزگای سەلاحەدین چووەتە سوریا و لەوێش بەردەوام بووە."
ئەوەش خراوەتەڕوو، " لە مانگی شوناتی ئەمساڵ گەڕاوەتەوە عێراق و چووەتە پارێزگای هەولێر تاوەکو 26ی شوبات لەوێ نیشتەجێ بووە، پاشان هاتووەتە سنوری پارێزگای سلێمانی و لە 27ی شوبات لەلایەن هێزەکانمانەوە لەسنورەکەمان دەستگیرکراوە."
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، تۆمەتباری دەستگیرکراو لەنەتەوەی عەرەبە و سەر بەعەشیرەتی الدلیمیە و خێزاندارە، لەبنەچەدا خەڵکی پارێزگای سەلاحەدینە.
ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەلایەن دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەوە بەپێی ماددەی (2) ی تێرۆر ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.