گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەرێم و بەغدا

پێنجشەممە هەرێم و بەغدا دەگەنە ڕێککەوتن؟.. فارس عیسا وەڵامی دەداتەوە

2021.03.02 - 19:14
App store icon Play store icon Play store icon
پێنجشەممە هەرێم و بەغدا دەگەنە ڕێککەوتن؟.. فارس عیسا وەڵامی دەداتەوە

ناس كورد-

نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە بەغدا ڕەتیکردەوە هیچ وادەیەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دیاریکرابێت و جەخت دەکاتەوە کە "هێشتا دانوستانەکان بەردەوامن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا (2ی شوباتی 2021) لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، "شاندی هەرێم بەردەوام دەبێت لەسەر گفتوگۆکانی تا ئەوکاتەی دەگاتە ڕێککەوتنێکی دادپەرەورانە کە لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا بێت".

 

دوێنێ دووشەممە، 1ی ئازاری 2021، لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکى یەکێتی ڕایگەیاند، هیوایەکی زۆر هەیە ئەم پێنجشەممەیە (5ی ئازاری 2021) هەرێم و بەغدا بگەنە ڕێککەوتن.

 

لەبارەى هەڵوێستی یەکێتی لە ئەگەری ڕێککنەکەوتنی هەردوولا، لاهور شێخ جەنگی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری ناس کورد ئامادەی بوو وتی، "پشت بەخوا ڕێکدەکەون."  

 

لە بارەی ئەوەی ئایا لەو وادەیەدا هەرێم و بەغدا دەگەنە ڕێککەوتن، فارس عیسا وتی، "ئەو دەنگۆیانە ڕاست نیین و تائێستا هیچ وادەیەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن نیوان شاندی هەرێمی و لایەن عێراقییەکان دیاری نەکراوە".

 

هاوکات بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکى پەرلەمانی عێراق داوا لە لیژنەی دارایی دەکات وەشاندنی کۆتایی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 بداتە فراکسیۆنەکان تاوەکو زانیارییەکان هەبێت "پێش ئەوەى وادەیەک دیاری بکرێت بۆ دەنگدان لەسەری و پەسەندکردن." 

 

لە لایەکی ترەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ( 28ی شوباتی 2021) لە لێدوانێکدا بۆ" ناس کورد" ڕایگەیاند، "ئەوەی تائێستا کراوە لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا لە چوارچێوەی (تفاهمات)دا بووە، نەگەیشتووەتە قۆناغی ڕێککەوتن".

 

وتیشی،"لایەنە شیعییەکان تائێستا بە شێوەیەکی دەقیی وکرداریی هیچ جێگرەوەیەکیان بۆ دەقەکەی حکومەتی فیدڕاڵی کە لە ناو پرۆژە یاساکەدا دایناوە نەخستووە ڕوو، بابەتەکان تائەم سات وکاتە تەنها زارەکیین". 

   

جەمال کۆچەر ڕوونیشکردەوە، "ئەوانەی لە ئێستادا پێداگریی لەسەر گۆڕینی بڕگەی 11 و12ی ناو پڕۆژە یاساکەدەکەن بەزۆرینە هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا ئەو لایەنانەن کەبەو هاوپەیمانێتیەوە بەستراون، لایەنەکانی سائیرۆن، فەتح و ڕەوتی حیکمە نەرمیان نواندووە بۆسازان وکۆتایی بە قەیرانەکە، بەڵام لە ترسی لایەنەکانی دیکەدا بەئاشکرا هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا ناکەن".

 

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی بە دوورزانی پرۆژە یاسای بودجە لەم هەفتەیەدا پەسەند بکرێت، ئەوەی خستەڕوو،" ئەگەری هەیە لایەنە شیعییەکان زیاتر چاوەڕێ ڕێککەوتنی بەغدا وهەولێر نەکەن وپێدەچێت بە بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ کوردا پرۆژە یاساکە تێپەڕێنن."

 

ئەوە لەکاتێکدایە کە حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌چوارچێوه‌ی بڕگه‌ی 11ی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كراوه‌، به‌پێی رێكه‌وتنه‌كه‌ش، هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندده‌بێت به‌راده‌ستكردنی 250 هەزاربه‌رمیل نه‌وت و نیوه‌ی داهاته‌ ناوخۆییه‌كانی له‌به‌رامبه‌ردا، به‌رێژه‌ی 12.67%ی بودجه‌ی گشتی عێراقی بۆ ره‌وه‌انه‌ ده‌كرێت.