گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕادەست دەکرێتەوە؟

پۆلیس لەبارەى چوونی هێرشکارەکەى سەر غالب محەمەد بۆ هەولێر ڕوونکردنەوە دەدات

2021.03.01 - 20:09
App store icon Play store icon Play store icon
پۆلیس لەبارەى چوونی هێرشکارەکەى سەر غالب محەمەد بۆ هەولێر ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، گومان دەکەن ئەو کەسەى تۆمەتبارە بە هێرشکردنە سەر غالب محەمەد شارى سلێمانی جێهێشتبێت، ئەگەریش چووبێتە هەر شوێنێکى دیکە داوادەکەن ڕادەستیان بکرێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (1ی ئاداری 2021) ڕایگەیاند، "لەسەر کەیسەکەی غالب محەمەد بەدواداچوونەکانی پۆلیس بەردەوامە و ماڵی تۆمەتبارەکە دۆزراوەتەوە و بە بڕیاری دادوەر پشکنینی ماڵەکەی کراوەو بەڵام لە ماڵەکەی نەبووە".

 

وتیشى، "خێزانەکەی پێی ڕاگەیاندووین کە نەڕۆشتووەتەوە بۆ ماڵەکەی و بۆ ئەوەش پۆلیسی سلێمانی لە هەوڵدایە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسە لە هەر شوێنێک بێت".

 

سەرکەوت ئەحمەد باسی لەوەشکرد، "ئێمە نازانین ئێستا چووەتە دەرەوەی سلێمانی یاخود لە ناو شاردایە، بەس گومان دەکەین سلێمانی بەجێهێشتبێت، بۆ ئەوەش گەڕان بەدوایدا بەردەوامە و بازگە و شوێنە گشتییەکانیشمان لێ ئاگادار کردوونەتەوە".

 

لەبارەی دەنگۆى هەڵهاتنى تۆمەتبارەکە بۆ هەولێر، سەرکەوت ئەحمەد وتى، "ڕەنگە ئێمە هەندێک ڕێککاری تایبەت بەخۆمان هەبێت لە ڕووی پەیوەندی تەلەفونی یاخود ڕێگەی دیکە بۆ ئاگادارکردنەوەیان لەوەی کەسێک فەرمانی گرتنی هەیە و ڕادەستمان بکەن".

 

ڕوونیشیکردەوە، "بەڵام لە کاتی هەڵاتنی تۆمەتبارێک بۆ شارێکی دیکە و هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی دەبێت دادوەر ئاگادار بکرێتەوە، لەو ئەگەرەشدا ئێمە بەفەرمی پۆلیسی هەولێر ئاگادار دەکەینەوە لەوەی ئەو کەسە فەرمانی گرتنی هەیەو هاوکاریمان بکەن لە دەستگیرکردنی".

 

"شتی وانییە داوای تۆمەتبارێک بکرێت و ڕادەست نەکرێت، هەر تۆمەتبارێک فەرمانی گرتنی هەبوو بێت ئێمە دەستگیرمان کردووە و ڕادەستمان کردوون، ئەوانیش بەهەمان شێوە هەرچی فەرمانێکی دەستگیرکردنی تۆمەتبارمان ئاڕاستەکردبن و چووبێتە بەردەستیان دەستگیریان کردووەو ڕادەستیان کردووینەتەوە"، سەرکەوت ئەحمەد وایوت.

 

بەپێی راپۆرتێکى "ناس کورد" کە دوێنێ بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى ناسنامە و شوێنى دانیشتنى ئەو تۆمەتبارەیان دیاریکردووە کە شەوى شەممە لە سلێمانى پەلامارى غالب محەمەد پەرلەمانتارى هاوپەیمانى هیوای دا، بەڵام هێشتا نازانرێت بۆ کوێ هەڵهاتووە.

 

سێ سەرچاوەى ئاگادار لە دۆسیەکە ئەمڕۆ یەکشەممە بە "ناس کورد" یان راگەیاند، کاتژمێرى یەکى شەوى ڕابردوو هێزە ئەمنیەکان چونەتە سەر ماڵى ئەو تۆمەتبارە کە ماڵیان لەگەڕەکى توى مەلیکە لە نزیک شەقامى سى مەترى بەڵام خۆى لەماڵەوە نەبووە.

 

ئاماژەیان بەوەشکرد، بۆ وەرگرتنى زانیارى، هاوسەرى هەڵهاتووەکە و خەزورى بۆ وەرگرتنی وتەیان لەسەر شوێن و ناونیشانی ئەو پیاوە ڕاگیراون.

سەرچاوەکانى ناس کورد دەڵێن، ئەو کەسە ناوى (ح ، م) ەو لەپەنجاکانى تەمەنیدایە و خەڵکى پێنجوێنە و دەمێکە لەسلێمانى دادەنیشێت و پێشتر لەسوپاى ڕزگاریدا پێشمەرگە بووە و کەسێکى هەژارە و لەخانووى کرێدایە.

 

بەوتەى سەرچاوەکان، هاوسەرى ئەو تۆمەتبارە، بەهێزە ئەمنیەکانى وتووە نازانێت هاوسەرەکەى بەرەو کوێ ڕۆشتووە و ماوەیەکە پەیوەندى تەلەفۆنى زۆرى بۆ هاتووە و ئەویش لەو بارەیەوە پرسیارى لێکردووە، بەڵام وردەکارى بۆ باس نەکردووە.


یەکێک لە سەرچاوەکان وتى لەئێستادا غالب محمەد گومانى ئەوەى لەلادروستبووە حزبێکى دەسەڵات بەو کارە تێوە گلابێت، پێشتریش دەزگاى هەواڵگرى عێراق لەسەر بوونى چەند هەڕەشەیەک ئاگادارى کردووەتەوە، بەڵام دیارنەمانى ئەو تۆمەتبارە بووەتە پرسیار لەلاى بەرامبەر بەرپرسانى سلێمانى.


سەرچاوەكان بەگومانن لەوەی ئەو كەسە لەسنوری سلێمانیدا مابێتەوە.

دواى رووداوەکە هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى سەرجەم بەڵگەکانیان کۆکردووەتەوە کە دەریدەخات چۆن ئەو تۆمەتبارە لەشەقامى سەهۆڵەکەى سلێمانیەوە شوێنپێى ئەو پەرلەمانتارەى تا بەردەمى ماڵى خۆیان لە گەڕەکى مامۆستایانى سلێمانى هەڵگرتووە و دواتر لەبەردەرگا بەچەقۆ هێرشى کردووەتە سەرى و بریندارى کردووە.


پەلاماردانى غالب محمەد لەبەردەم ماڵەکەى خۆیدا، کاردانەوەى زۆرى لێکەوتووەتەوە و هێشتا هیچ زانیارییەکى فەرمى لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە لەسەر ئەو ڕوداوە ئاشکرا نەکراوە.