گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشنیازێکى نوێ

هاوپەیمانێتییەکەى سەدر پێشنیازێکى بۆ چارەسەرى کێشەى پشکى هەرێم ئاشکراکرد

2021.03.01 - 18:40
App store icon Play store icon Play store icon
هاوپەیمانێتییەکەى سەدر پێشنیازێکى بۆ چارەسەرى کێشەى پشکى هەرێم ئاشکراکرد

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکی سەر بە ڕەوتی موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، پێشنیازیان کردووە هەرێم 460 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سومۆ بکات بەرانبەر پابەندبوونى بەغدا بە ڕادەستکردنی تەواوی خەرجییەکانى.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جەمال محەمەداوی، پەرلەمانتارى هاوپەیمانێتی سائیرونی سەر بە موقتەدا سەدر(1ی ئازاری 2021) لە بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند، "ئێمە بە ڕوونی پێشنیازێکمان لەسەر ئەو مادانەی کە تایبەتن بە پشکی هەرێم پێشکەش کردووە، لە هەمووی بەرچاوتر هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی یەکەمی ماددەی (11) کە جەخت لەوەدەکاتەوە دەبێت بەغدا پابەند بێت بە دانەوەی شایستە داراییە ڕادەستنەکراوەکانی هەرێم لەساڵانی 2014 تا 2019".

 

وتیشی، "لەو ماوەیەدا هەرێم هیچ بڕە نەوتێکی ڕادەستی بەغدا نەکردووە، بۆیە ئەو مادەیە دەبێت هەڵوەشێتەوە".

 

پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانی سائیرون ئاماژەی بەوەشکردووە، "داوامانکردووە هەرێم بڕی 460 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە ڕادەستی کۆمپانیای سومۆ بکات، ئەگەر بەرهەمەکەی لەو بڕە تێپەڕبکات، ئەوەش هەربەو شێوەیە دەبێت ڕادەستی ئەو کۆمپانیایە بکرێت".

 

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەکردووە، لە حاڵەتی ڕادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی کە پێشنیازیان کردووە لەگەڵ نیوەی داهاتە نانەوتییەکان لەلایەن هەرێمەوە، ئەوا دەبێت حکومەتی فیدراڵی تەواوی پشکی هەریم لە تەواوی خەرجکردنی بەکاربەر و خەرجی وەبەرهێنان ڕەوانەی هەرێم بکات.

 

محەمەداوی جەختی لەوەشکردووەتەوە، "دەبێت هەرێمی کوردستان پابەندی گەڕانەوەی ئەو قەرزانە بێت کە لە ئەستۆیەتی بۆبانکی بازرگانی عێراق".

 

تا ئێستا دیار نییە ئەم هەفتەیە پڕۆژەى بودجە لە پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە یاخود نا، بەڵام پەرلەمان دەنگدانى لەسەر ئەو پرسە نەخستووەتە بەرنامەى کارى دانیشتنى دووشەممەوە، هەرێمیش پێشبینى دەکات پێش دەنگدان بگەنە رێککەوتن.



جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى یەکشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵى فەرمى عێراقییە کە "ناس کورد" بینیویەتى، پێشبینیکرد لەم هەفتەیەدا هەردوولا بگەن بە رێککەوتنێک کە هەردوو حکومەتەکە پێی رازى بن.

 

لاى خۆیەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەنی کە "ناس کورد دیویەتی (1 ئازاری 2021)، رایگەیاند بڕیاری كۆتاییهاتنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان پەیوەستە بەوەی كە دەنگی لەسەر دەدرێت لە پەڕلەمان چ لەبارەی بودجە بێت یان شتى ترەوە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، گرنگى دانوستانە بەردەوامەکانى نێوان شاندى هەرێم و فیدراڵ بۆ بەدەستهێنانى سازانێکە کە هەردوولا لەسەرى ڕەزامەندبن و ئەوانیش هەرشتێک بۆ سەرتاسەرى عێراقیەکان بخوازن هەر ئەوەش بۆ هاوڵاتیانى هەرێم دەخوازن.


کازمى باسى لەوەش کردووە، حکومەت لەڕێگەى کردنەوەى چەند دۆسیە و پڕۆژەیەکەوە هەوڵى کۆتایهاتنى بەگرفتەکانى نێوان هەرێم و بەغدا داوە و بڕیارەکەش پەیوەستە بەوەى کە پەرلەمان دەنگى لەسەر دەدات لەسەر بودجەکەیاخود چەند پرسێکى جیاوازى ترەوە.

سەرۆک وەزیران وتووشیەتى :" ئێمە باوەڕەمانوایە هەر یەک لەئێمە لەچوارچێوەى دەستوردا پابەندى ئەرکەکانى بێت و کۆمەڵێک گرژى و ئاڵۆزێش چارەسەر بکرێن لەپەیوەندیەکاندا لەگەڵ هەرێم ئەوا هۆکارێکى بنەڕەتیە بۆ چارەسەرى کێشە سیاسیەکانى هەردوولا و و ئۆقرەیى و تێکشاندنى تیرۆر و زاڵبوون بەسەر قەیرانەكانیتر".