گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەڵوێستی پەرلەمانی عێراق لەبارەى هێرشکردنە سەر غالب محەمەد

2021.03.01 - 18:29
App store icon Play store icon Play store icon
هەڵوێستی پەرلەمانی عێراق لەبارەى هێرشکردنە سەر غالب محەمەد

ناس کورد-

محەمەد حەلبوسی، سەرۆکى پەرلەمانی عێراق ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر غالب محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان و هاوپەیمانێتی هیوا لە سلێمانی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە سەرەتای دەستپێکردنی دانیشتنی ژمارە 38ی ئەم ئێوارەى پەرلەمانی عێراقدا، محەمەد حەلبوسی داوای لە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کرد "تاوانباران ئاشکرا بکەن و ڕادەستی دادگایان بکەن."

 

بەپێی راپۆرتێکى "ناس کورد" کە دوێنێ بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى ناسنامە و شوێنى دانیشتنى ئەو تۆمەتبارەیان دیاریکردووە کە شەوى شەممە لە سلێمانى پەلامارى غالب محەمەد پەرلەمانتارى هاوپەیمانى هیوای دا، بەڵام هێشتا نازانرێت بۆ کوێ هەڵهاتووە.

 

سێ سەرچاوەى ئاگادار لە دۆسیەکە ئەمڕۆ یەکشەممە بە "ناس کورد" یان راگەیاند، کاتژمێرى یەکى شەوى ڕابردوو هێزە ئەمنیەکان چونەتە سەر ماڵى ئەو تۆمەتبارە کە ماڵیان لەگەڕەکى توى مەلیکە لە نزیک شەقامى سى مەترى بەڵام خۆى لەماڵەوە نەبووە.



ئاماژەیان بەوەشکرد، بۆ وەرگرتنى زانیارى، هاوسەرى هەڵهاتووەکە و خەزورى بۆ وەرگرتنی وتەیان لەسەر شوێن و ناونیشانی ئەو پیاوە ڕاگیراون.

 

سەرچاوەکانى ناس کورد دەڵێن، ئەو کەسە ناوى (ح ، م) ەو لەپەنجاکانى تەمەنیدایە و خەڵکى پێنجوێنە و دەمێکە لەسلێمانى دادەنیشێت و پێشتر لەسوپاى ڕزگاریدا پێشمەرگە بووە و کەسێکى هەژارە و لەخانووى کرێدایە.

 

بەوتەى سەرچاوەکان، هاوسەرى ئەو تۆمەتبارە، بەهێزە ئەمنیەکانى وتووە نازانێت هاوسەرەکەى بەرەو کوێ ڕۆشتووە و ماوەیەکە پەیوەندى تەلەفۆنى زۆرى بۆ هاتووە و ئەویش لەو بارەیەوە پرسیارى لێکردووە، بەڵام وردەکارى بۆ باس نەکردووە.


یەکێک لە سەرچاوەکان وتى لەئێستادا غالب محمەد گومانى ئەوەى لەلادروستبووە حزبێکى دەسەڵات بەو کارە تێوە گلابێت، پێشتریش دەزگاى هەواڵگرى عێراق لەسەر بوونى چەند هەڕەشەیەک ئاگادارى کردووەتەوە، بەڵام دیارنەمانى ئەو تۆمەتبارە بووەتە پرسیار لەلاى بەرامبەر بەرپرسانى سلێمانى.



سەرچاوەكان بەگومانن لەوەی ئەو كەسە لەسنوری سلێمانیدا مابێتەوە.



دواى رووداوەکە هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى سەرجەم بەڵگەکانیان کۆکردووەتەوە کە دەریدەخات چۆن ئەو تۆمەتبارە لەشەقامى سەهۆڵەکەى سلێمانیەوە شوێنپێى ئەو پەرلەمانتارەى تا بەردەمى ماڵى خۆیان لە گەڕەکى مامۆستایانى سلێمانى هەڵگرتووە و دواتر لەبەردەرگا بەچەقۆ هێرشى کردووەتە سەرى و بریندارى کردووە.



پەلاماردانى غالب محمەد لەبەردەم ماڵەکەى خۆیدا، کاردانەوەى زۆرى لێکەوتووەتەوە و هێشتا هیچ زانیارییەکى فەرمى لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە لەسەر ئەو ڕوداوە ئاشکرا نەکراوە.