گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’کێشەی شەخسی’’

مەسرور بارزانی قسەى نوێ لەسەر سزادراوانى بادینان دەکات

2021.03.01 - 17:34
App store icon Play store icon Play store icon
مەسرور بارزانی قسەى نوێ لەسەر سزادراوانى بادینان دەکات

ناس کورد-
جێگری نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر کەیسی پێنج سزادراوەکەى بادینان داواکاری سەندیکایان گەیاندووەتە مەسرور بارزانی و وەڵامی ئەویش بەوجۆرە بووە کە یاسا سەروەرەو ئەو پرسە "کێشەی شەخسی" نییە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەنوەر حسێن لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (1ی ئازاری 2021) ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەندیکای ڕۆژنامەنوسان یەکێک لە تەوەرەکان کە قسەیان لەسەر کردووە کەیسى پێنج سزادراوەکەى بادینان بووە.

 

وتیشى، "داوامانکرد چاو بە کەیسەکانیان بخشێنرێتەوە و هەوڵی ئازادکردنیان بدرێت، سەرۆکی حکومەتیش وتی ئەو کەیسە لە دادگایە و دادگا یەکلایی دەکاتەوە و شتێکی شەخسی نییە، چاوەڕوانی بڕیاری دادگا دەکەین و دادگا سەروەرەو هەر بڕیاریک بدات ئێمە قبوڵی دەکەین".

 

ئەنوەر حسێن باسی لەوەشکرد، هەماهەنگی نێوان حکومەت و پەرلەمان و سەندیکا، ڕێکخستنی کاروباری میدیا یەکێکی دیکە بوو لە تەوەری گفتوگۆکانیان.

 

ڕۆژی 16ی شوباتی 2021، دادگای تاوانەکانی دووی هەولێر سزاى شەش ساڵ زیندانى بۆ هەریەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم دەرکرد.      

 

ئەو بڕیارە کاردانەوەى بەرفراوانى لێکەوتەوە کە تا ئێستاش بەردەوامە.   

 

هاوكات لە ڕاگەیەنراوی حکومیی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، سەرۆکی حکومەت جەختی "لە پشتیوانی و پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان و کاری ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمدا و ئاماژەی بە ڕۆڵ و پێگەی ڕۆژنامەنووسان کرد، لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و هاوکاریکردنی حکومەت لە دەستنیشانکردنی گرفت و کێشە و سەرپێچییەکان، بەمەبەستی نەهێشتنیان و چاککردن و باشترکردنی ئەزموونی حوکمڕانیی لە کوردستاندا. گوتیشی ئازادی ڕادەربڕین بنەمایەکی سەرەکی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانە."

me_ga.php?id=2733
سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە "کە حکومەتی هەرێمی کوردستان زەمینەی ئازادی ڕادەربڕینی بۆ ڕاگەیاندنکاران دەستەبەر کردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵی کاریگەری خۆیان لە کۆمەڵگەدا بگێڕن."

 

وتیشی، "ڕاگەیاندنکارانی کوردستان نابێ ڕێگە بدەن پیشەی پیرۆزی ڕۆژنامەگەریی، بە مەبەستی ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوە و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی بەکاربهێنرێت."


سەرۆکی حكومەت دڵنیاییدا کە "حکومەت بە هەموو شێوەیەک داکۆکی و پشتگیریی لە ئازاديی کاری ڕۆژنامەگەریی لە کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنکارانی کوردستان، بتوانن بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە و دوور لە هەر ئەجێندایەکی ناپیشەییانە ، کاری خۆیان ئەنجام بدەن، بە جۆرێک لە بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان بێت."

 

رۆژى (25 ى شوباتى 2021) تیمى پارێزەرانى سزادراوەکان تانەیان لە بڕیارەکەدا و چاوەڕواندەکرێت دادگاى تەمیز پرسەکە یەکلایی بکاتەوە.

 

پارێزەرەکان لەنوسراوى تانەدان لە بڕیارەکەى دادگا، بە 17 خاڵ رەخنەیان لە بڕیارەکە گرتووە و داوا لە دادگاى پێداچوونەوە دەکەن سزادانى ئەو پێنج کەسە هەڵبوەشێنێتەوە کە بەچەند تۆمەتێکى پەیوەست بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشى هەرێم بەسەریاندا سەپێنراوە و بڕیارى ئازادکردنیان بۆ دەربکات.  

 

کەیسەکە لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە هاوسۆزى بۆ دروستبووە، بەڵام هێشتا دیار نییە دادگاى پێداچونەوە چى بڕیارێک دەدات، بەڵام ئەنجومەنى دادوەرى هەرێم پێشتر بەرگرى لە بڕیارەکەى دادگا کردبوو، کاردانەوەکانیشى بە "دەستوەردان لە کاروبارى دادگا" ناوبردبوو.  

 

ئەوەى کاردانەوەکانى بەرفراوانتر کردووە، لێدوانێکى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمە کە هەفتەیەک پێش بڕیارەکەى دادگا، ئەو کەسانەى بە "سیخوڕ" ناوبرد، دواتریش لەدادگا بەهەمان تۆمەت سزادران.  

  

مەسرور بارزانى چوار رۆژ دواى دەرکردنى بڕیارەکە لەلایەن دادگاوە لە پەیامێکدا داواى رێزگرتن لە سیستەمى دادوەرى کرد، ئەوەش دواى رۆژێک لە پەیامەکەى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم کە جەختیکردەوە ئەوە دوا بڕیار نییە و هیچ لایەن و کەسێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە.

me_ga.php?id=2734