گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری و وردەکاری

هۆشدارییەک لە لیژنەی داراییە: لەوانەیە بەبێ کورد بودجە تێپەڕێنرێت

2021.02.28 - 14:03
App store icon Play store icon Play store icon
هۆشدارییەک لە لیژنەی داراییە: لەوانەیە بەبێ کورد بودجە تێپەڕێنرێت

ناس کورد-هەڤاڵ فەتاح
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تائێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر پشکی هەرێم لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییە عێراقییەکاندا نەکراوە و دەڵێت، ئەگەری ئەوە هەیە پەرلەمان پڕۆژەیاسای بودجە بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ کورددا تێپەڕێنێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق (28ی شوباتی 2021) لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، "ئەوەی تائێستا کراوە لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتندا بووە و نەگەیشتووەتە قۆناغی ڕێککەوتن".

 

وتیشی، "لایەنە شیعییەکان تائێستا بە شێوەیەکی دەقی و کرداریی هیچ جێگرەوەیەکیان بۆ دەقەکەی حکومەتی فیدڕاڵی کە لە ناو پڕۆژەیاساکەدا دایناوە نەخستووەڕوو، بابەتەکان تائەم ساتوکاتە تەنها زارەکیین".

    

جەمال کۆچەر ڕوونیشکردەوە، "ئەوانەی لە ئێستادا پێداگری لەسەر گۆڕینی بڕگەی 11 و12ی ناو پڕۆژەیاساکە دەکەن بەزۆرینە هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا ئەو لایەنانەن کەبەو هاوپەیمانێتیەوە بەستراون، لایەنەکانی سائیرۆن، فەتح و ڕەوتی حیکمە نەرمیان نواندووە بۆ سازان و کۆتایی بە قەیرانەکە، بەڵام لە ترسی لایەنەکانی دیکەدا بەئاشکرا هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا ناکەن".

 

لەبارەی دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق، جەمال کۆچەر وتی، "لە کارنامەی دانیشتنی سبەی پەرلەماندا  بەهیچ  شێوەیەک باسی پشکی هەرێمی کوردستان و دانووستانەکانی نێوان هەردوولادا نەکراوە". 

 

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی بەدووری زانی پڕۆژەیاسای بودجە لەم هەفتەیەدا پەسەند بکرێت و ئەوەی خستەڕوو، "ئەگەری هەیە لایەنە شیعییەکان زیاتر چاوەڕێ ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر نەکەن و پێدەچێت بە بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ کوردا پڕۆژەیاساکە تێپەڕێنن".

 

ئەو لە کاتێکدایە کە پێشتر بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق (26ی کانوونی یەکەمی 2020) لە میانەی دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند، "لێکتێگەیشتی باش هەبووە لە نێوان شاندەکەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی، شاندی هەرێمی کوردستان ڕازی بووە بەهەموو ئەو مەرجانەی کەلەیاسای پڕکردنەوەی کۆرتهێنانی دارایی گەڵاڵە کراون، بەرانبەر بەڕادەستکردنی مافەوشایستە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان". 

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بەغدا پێزانینی تەواوی هەیە بۆ ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان هەولێر و بەغدا کراوە، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا ڕێگرە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، لایەنە سیاسییەکانن، چونکە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە عێراق بەدەست ئەوانەوەیە".

 

وتیشی، "لایەنە سیاسیەکان بەمەبەستی خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و ڕازیکردنی شەقامی خۆیان، مانۆڕی سیاسیی دەکەن و دژ بەهەرێم ڕاوەستاونەتەوە".

 

بەوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە تا دوا دەرفەت و تا دواسات بەردەوام بێت لەگفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا، دەشڵێت، " گفتوگۆکانی ڕۆژانی ڕابردوو بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان بووە، حکومەتی هەرێم نایەوێت هیچ بیانوییەک بەو لایەنە سیاسیانە بدات، کەوا نیشانی هاووڵاتیانی عێراق بدەن، کە هەرێمی کوردستان نایەتە ژێر باری ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا."

 

ئەوە لەکاتێکدایە کە حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌چوارچێوه‌ی بڕگه‌ی 11ی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كراوه‌، به‌پێی رێكه‌وتنه‌كه‌ش، هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندده‌بێت به‌راده‌ستكردنی 250 هەزاربه‌رمیل نه‌وت و نیوه‌ی داهاته‌ ناوخۆییه‌كانی له‌به‌رامبه‌ردا، به‌رێژه‌ی 12.67%ی بودجه‌ی گشتی عێراقی بۆ ره‌وه‌انه‌ ده‌كرێت.