گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

جۆ بایدن: ڕۆژی دووشەممە گۆڕانکاریی گەورە ڕادەگەیەنین

2021.02.28 - 09:45
App store icon Play store icon Play store icon
جۆ بایدن: ڕۆژی دووشەممە گۆڕانکاریی گەورە ڕادەگەیەنین

ناس کورد-

لە دوای ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی ئەمریکا و تۆمەتبارکردنی شازادەی جێنشینی سعودیە بە ڕەزامەندیدان بە کوشتنی ڕۆژنامەنوس، جەمال خاشقچی، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر سعودییە ڕادەگەیەنن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕووبەڕووی ڕەخنەی میدیاکانی ئەمەریکا بووەتەوە، بەتایبەتی لەڕۆژنامەی واشنتن پۆست کە لەسەروتاری خۆیدا باسی لەوەکردووە، دەبوایە بایدن هەڵوێستی توندتر بوایە بەرامبەر محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودیە.

 

بەگوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا (شەممە 27ی شوباتی 2021) کاتێک پرسیاری سزای محەمەد بن سەلمان لە جۆ بایدن کراوە، بایدن وتویەتی، " ڕۆژی دووشەممە هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین دەربارەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سعودیە و ئەوەی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەیکەین."

 

بایدن ئاماژەی بەوەشکردووە، "قسەم لەگەڵ شای سعودیە کردووە و ڕوونمکردووەتەوە کە بنەماکان دەگۆڕێن و لە ڕۆژی دووشەممەدا گۆڕانکاریی گرنگ ڕادەگەیەنین."

 

لێدوانەکانی بایدن دوای ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی ئەمریکا دێت کە تیایدا هاتووە، " محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودییە، ڕازی بووە بە کوشتنی ڕۆژنامەنوس، جەمال خاشقچی."

 

جەمال خاشقچی پێش مردنی لە ئەمریکا ژیاوە و لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست دا نوسیویەتی و ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی شازادەی جێنشینی سعودیە گرتووە .

 

خاشقچی دوای ئەوەی لە 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2018، سەردانی كۆنسوڵخانەی وڵاتەكەی لە تورکیا كرد، بەڵام لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا لەوێ كوژرا، ئەوەش کاردانەوەی گەورەی لە جیهاندا لێکەوتەوە.