گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەقەكەی حكومەت ڕەتدەكەنەوە

دوو فراكسیۆنی شیعە پێشنیاری نوێ بۆ بەشە بودجەی هەرێم دەخەنەڕوو

2021.02.27 - 14:48
App store icon Play store icon Play store icon
دوو فراكسیۆنی شیعە پێشنیاری نوێ بۆ بەشە بودجەی هەرێم دەخەنەڕوو

ناس كورد_

بەیاننامەیەكی فراكسیۆنی نەهجی حیزبی فەزیلە و پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی بەدر لەپەرلەمانى عێراق،  ماددەی 11 ی پرۆژە یاسای بودجە ڕەتدەكەنەوە كە جەخت لە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت دەكاتەوە و هەندێك پێشنیاری جیاواز دەخەنەڕوو كە جەخت لە رادەستكردنی سەرجەم بەرهەمی نەوتی هەرێم دەكاتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەی لای "ناس كورد" هەیە فراكسیۆنی نەهجی حیزبی فەزیلە لەچوارچێوەی كۆمەڵێك پێشنیاردا (27 شوباتی 2021) داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی تایبەت بە ئەژماركردنی بەشە بودجەی كوردستان دەكات ( بڕگەی یەكەمی مادەی 11) لەنێوان ساڵانی 2014_ 2019 لەكاتێكدا هیچ بڕە نەكردووە، هەروەها داوای پابەندكردنی هەرێم دەكات بە رادەیتكردنی 460 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەكۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ هەر زیادەیەك كە لەبەرهەمدا هەبێت، لەگەڵ گواستنەوەی مادەی حەوتی یاسای قەرز بۆ ناو بودجە كە پشكی هەرێم بە خەرجی فیعلی دیاری دەكات لەگەڵ مەرجی رادەستكردنی 460 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لەگەڵ داهاتە نا نەوتییەكان ئەگەرنا سەرپێچیكار بەرپرسیارێتی هەڵگرێت.

 

لەلایەكیترەوە لەمیانەى لێدوانێکیدا كە ئۆفیسی پەرلەمانتاری بەدر ئەیوب ڕوبەیعى، لە گروپی میدیای پەرلەمان بڵاویكردووەتەوە و "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە، (27ى شوباتى 2021) هاتووە: پیشنیارى حکومەت لەبارەى پشکى هەرێمەوە لەلایەن لیژنەى دارایی و زۆرینەى لایەنە سیاسیەکانى ناوپەرلەمانەوە ڕەتکراوەتەوە، چونکە کێشەى زۆرى تێدایە و  ئەوە بەربەستێکە بۆ ڕەوانە نەکردنى بودجەکە بۆ دەنگدان.

 

ڕوبەیعی كە لە حیزبەكەی هادی عامرییە، ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، ئێستا هەوڵدەدەن بۆ دۆزینەوەى چوارچێوەیەکى تر کە بنەمایەکى دادپەروەرانەى بۆ هەموان وەکو یەک تێدا بەرجەستە بکرێت، بێ ئەوەى پارێزگایەک ستەم لەپارێزگایەکى تر بکات بەتایبەت بۆ دۆخى پارێزگاکانى خواروو و ناوەڕاستى عێراق.

 

لە لێدوانێکیدا بۆ "نینا" کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، ئەحمەدى حاجى ڕەشید ( 27ى شوباتى 2021) ڕایگەیاندووە، "تا ئێستا دوو لایەنى شیعە هەڵوێستیان لەبارەى پشکى کورد لە بودجەدا ڕوون نەکردووەتەوە و بەوەش هێشتا ڕێککەوتنى کۆتایى لەسەر هەموو بڕگەکانى بودجەکە نەکراوە."  


ئەحمەدی حاجی ڕەشید جەخت دەکاتەوە کە "ناتوانرێت بەبێ کورد بودجەکە تێپەڕێنرێت و 34 پەرلەمانتارى کورد لە هاوپەیمانى هیوا و فراکسیۆنى یەکێتى هەڵوێستى خۆیان بۆ تێپەڕاندنى بودجەکە یەکخستووە بەوەى دەبێتە دەقێک هەبێت پەیوەست بە پشکى هەرێمەوە ئەوەش بەپێى دەستور و یاسا کارپێکراوەکان بۆ ئەوەى جێبەجێ بکرێت لە بەرژەوەندى هەموو عێراقییەکاندا."  

 

پەرلەمانتارەكەی بەدر ئەوەشی وتووە: دەبێت هەرێمى کوردستان ئەرکەکانى خۆى بەجێ بهێنیت بەتایبەت لەبارەى داهاتە نەوتى و ناتەوتییەکانى لەگەڵ حکومەتى فیدراڵدا و لەبەرامبەر ئەوەشدا مافەکانى خۆى بۆ هاوڵاتیانى هەرێم بەدەستبهێنیت.

 

باسى لەوەش کردووە، گرنگى پابەندبوونى هەرێم بەڕادەستکردنى هەموو سەرچاوەکانى داهاتى نەوت و خاڵە سنورییەکان بەشێوەى پارێزگاکانى ترى عێراق ئەوەیە لەبەرامبەردا حکومەتى فیدراڵیش هەموو مافێکى شایستە بۆ هەرێم و فەرمانبەرانەکەى دابیندەکات لەڕووى وەبەرهێنان و بەکاربەر دواتر چوارچێوەیەکى تر پێشنیار دەکرێت بۆ کۆتایهێنان بەو کێشانە بۆ ئەوەى جارێکى تر ئەو کێشانە لەبودجەى ساڵانى داهاتوودا دووبارە نەبنەوە.