گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بودجەی هەرێمیشی بەخۆیەوە دیل کردووە

2021.02.27 - 14:26
App store icon Play store icon Play store icon
پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بودجەی هەرێمیشی بەخۆیەوە دیل کردووە

ناس کورد-
لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان وادەی ناردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "چاوەڕوانی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقە".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

محەمەد ئیلخانی، بڕیاردەری لیژنەکە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ناس کورد" (27ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی سەرجەم راپۆرتی وەزارەتەکانی لەبارەی خەرجی و داهات وەرگرتووەتەوە و ئامادەکاری پێویستی کردووە بۆ پڕۆژەیاسای بودجە و چاوەڕوانی پەسەندکردنی بودجەی گشتی عێراق دەکرێت لە پەرلەمانی عێراق تاوەکو بزانرێت پشکی هەرێمی کوردستان چۆن دیاریدەکرێت، ئەوکات بەپێی ئەوەی لەلایەن بەغداوە دیاری دەکرێت پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستانیش ئامادەدەکرێت.

 

باسی لەوەشکرد، دواتر حکومەتی هەرێم پڕۆژەیاساکە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکات بۆ خوێندنەوە و دەنگدان لەسەری، بەوەش تاوەکو بودجەی عیراق پەسەند نەکرێت و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دیاری نەکرێت، پڕۆژەیاساکەی هەرێمی کوردستان ڕەاونەی پەرلەمان ناکرێت، بەڵام بە هەر شێوەیەک بێت ساڵی 2021 هەرێمی کوردستان خاوەنی پرۆژەی بودجە دەبێت.

 

پێشتر، پەروین نوری، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان (دووشەممە 8ی شوباتی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "سەرقاڵی داڕشتنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021-ین و لەماوەی 12 ڕۆژدا گفتوگۆکانمان لەسەر پڕۆژەکە تەواو کردووە کە پێشتر دوو مانگی دەویست."     

  

وتیشی، "لە پڕۆژەیاساکەدا تاوەکو ئێستا داهاتی هەرێمی کوردستان خەمڵاندنی بۆ نەکراوە، چونکە تاوەکو ئێستا نازانین چەندمان لە بەغداوە بۆ دێت، لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنیش هێشتا هەر نازانین داهات چەند دەبێت، چونکە ئەوەش هێشتا ڕوون نییە."     

  

سەبارەت بە دیاریکردنی نرخی نەوت لە پڕۆژەیاساکەدا باسی لەوەکرد، "چاوەڕوانین ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداین و بە پشتبەستن بەو نرخەی عێراق دیاریکردووە ئێمەش دیاریدەکەین، کە 45 دۆلارە بۆ بەرمیلێک."     

  

هاوکات دەربارەی ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چۆن لە بودجەدا جێدەکرێتەوە، پەروین نوری باسی لەوەکرد، "ئێمە لەکاتی داڕشتنەوەی بودجەدا، ئەو بڕەی کە پێویستە بدرێت بە موچەی فەرمانبەران دادەنێین، بەڵام ئەوەی بەوشێوەیە تێدەپەڕێندرێت یاخود نا دەکەوێتە سەر پەرلەمان کە چۆن گۆڕانکاری تێدا دەکات، بەوپێیەشی موچە بەپێی داهات دابەشدەکرێت، بۆیە بەپێی داهاتی بەردەست جێی دەکرێتەوە و لە ئەگەری ڕێکنەکەوتن لەگەڵ بەغدا، وەک ئێستا بە لێبڕینەوە دابەشدەکرێت."     

  

لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا وەزیری پلاندانانی هەرێم ڕایگەیاند، لە ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداش، ئەو بودجەیەی لە بەغداوە بۆ هەریم دێت بەشی خەرجییەکان و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناکات.     

  

پەروین نوری باسی لەوەکرد، "لە بودجەی 2021ی عێراق لە بەرامبەر ڕادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی بۆ هەرێم دیاریکراوە، موچەی 682 هەزار موچەخۆری هەرێم لە بودجە جێگیرکراوە و بەشەکەی دیکە کە دەمێنێتەوە دەبێت هەرێم خۆی دابینی بکات، ئەوەی وەزیری پلاندانانیش باسی کردووە لەو چوارچێوەیەدا بووە."     

  

هاوکات دەربارەی ئەو موچانەی لە ساڵی ڕابردوو و ساڵانی پێشووتریشدا پاشەکەوتکراون، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە ئاماژەی بەوەکرد، "موچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران لە بودجەی 2021 جێناکرێتەوە."     

  

دەربارەی قەرزەکانی حکومەتی هەرێمیش ئاشکرایکرد، "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی کردووە قەرزی کۆمپانیاکان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیربکرێت، بۆیە بەشێک لەو قەرزانە دەخرێتە پڕۆژەیاسای بودجە و دەدرێنەوە."