گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمریکا لە عێراق

ئەمریکا سەرجەم هێزەکانی لە عێراق خستە حاڵەتی ئەوپەری ئامادەباشییەوە

2021.02.27 - 09:01
App store icon Play store icon Play store icon
ئەمریکا سەرجەم هێزەکانی لە عێراق خستە حاڵەتی ئەوپەری ئامادەباشییەوە

ناس کورد-

کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی ئاشکرایکرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرجەم هێزەکانی لە عێراق خستووەتە حاڵەتی ئەوپەری ئامادەباشییەوە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر هێرشێکی تۆڵەسێن لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی عێراق.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەناڵەکە لە زاری دوو سەرچاوەی سەربازیی ئەمریکاوە دەڵێت، لەدوای بۆردومانەکەى دوێنیی هاوپەیمانان لە سوریا بۆسەر گروپە چەکدارییەکانی شیعەی نزیک لە ئێران، حاڵەتی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئەوپەری ئامادەباشی بەرزکراوەتەوە.

 

هەر بەپێی هەواڵەکەى فۆکس نیوز کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە، چەند ڕۆژێکە ڕێکاری ئامادەکاری و پێشوەختەی ڕۆتینی لەسەر خاکی عێراق ئەنجام دەدرێت.

 

هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) ڕەتی کردەوە وڵاتەکەى ئەو زانیارییانەیان بەکارهێنابێت کە لایەنی عێراقی داویەتی پێیان بۆ دیاریکردنی ئەو ئامانجانەی کە هەینی لەدژی گروپە چەکدارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامیان دا.

 

جۆن کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) لە تویتێکیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە دەڵێت، "حکومەتی عێراقی ئەو لایەنەى ئاشکرا کرد کە لە چەند ڕۆژ و هەفتەی ڕابردوودا موشەکیان ئاڕاستەی هێزەکانمان کردبوو، بەڵام ئێمە ئەو زانیارییانەمان بەکارنەهێناوە بۆ دیاریکردنی ئامانجی هێرشەکانی شەوی هەینی."

 

ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند کە "هیچ زانیارییەکی هەواڵگرییان لە پێش بۆردومانە ئاسمانییەکەی سوریا بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەداوە" و سەرسوڕمانی خۆیان نیشاندا لە لێدوانی لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا کە وتبووی لەپێش بۆردومانەکە ئاڵوگۆی زانیاریی هەواڵگرای لەگەڵ عێراقدا کراوە."

 

لوید ئۆستن وتبووی، "واشنتن هانی لایەنی عێراقی داوە کە زانیاریی هەواڵگری پێشکەش بکات، ئەوەش زۆر بەسود بوون بۆ دیاریکردنی ئامانجەکە."

 

دوێنێ وەزارەتى بەرگریی ئەمەریکا (پنتاگۆن) ڕاگەیەندراوێکى لەبارەى هێرشێکى ئاسمانى ئەو وڵاتە بۆ سەر چەند پێگەیەکى چەکدارانى نزیک لە ئێران لە سنورى سوریا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "هێرشە ئاسمانییەکە وەڵامدانەوەیەکە بۆ ئەو هێرشە موشەکییەى کە کرایە سەر بنکەى هاوپەیمانان لە شارى هەولێر".

 

بەگوێرەى راگەیەندراوێکى پنتاگۆن (26ى شوباتى 2021)، لە هێرشە ئاسمانییەکەى سوپاى ئەمەریکادا چەندین پێگەى چەکدارانى کەتائیبى حیزبوڵا و کەتائیبى سەیدولشوهەدا لە ڕۆژهەڵاتى وڵاتى سوریا کردووەتە ئامانج و ئەو گروپانەشى بە گروپى چەکدارى نزیک لە ئێران ناوبردووە.

 

ئاماژە بەوەش کراوە کە هێرشە ئاسمانییەکە بە فەرمانى راستەوخۆى جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمەریکا ئەنجامدراوە.

 

هەروەها بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ نزیک لە میدیاكانی چەکدارانی عەسایب و حیزبوڵڵا ( 26ی شوباتی 2021) کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە ئاماژە بەوە کراوە "ئەو هێرشە ئاسمانییەی کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکاوە کراوەتە سەر چەکدارەکانمان لەسەر سنوری نێوان عێراق وسوریا بە چاوساغی ناوخۆیی بووە".

 

سەرچاوەکان ئەوەیان خستووەتە ڕوو "هێرشە ئاسمانییەکە بە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی" بەکرێگیراو" بووە و نۆکەرەکانی ئەمەریکاش لەژێر سایەی کندڕی شوانەکاندا ئەو کارەیان کردووە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە "پێشتر زانیاریمان بووە کە ئەمەریکا نیازی هەیە هێرشێکی لەو جۆرە ئەنجام بدات، بۆیە پێشوەختە پێگەکانمان لەو ناوچەیە چۆڵکردبوو، فڕۆکەکانی ئەمەریکا شەش بۆحەوت پێگەیان لەو ناوچەیە کردووەتە ئامانج".

 

بەوتەی ئەوسەرچاوانە "ئەو فڕۆکانەی کە ئەرکەکەیان ئەنجامداوە لە جۆری فڕۆکەی F15E وبۆمبی جۆری JDAM بەکارهێناوە و لەڕێگەی ئاسمانەوە لە ئاسمانی پارێزگای ئەنبارەوە سوتەمەنیان وەرگرتووە.

 

 

هەروەها بەگوێرەى هەواڵێکى نیویۆرک تایمز لە هێرشەکەدا حەوت بۆمبى 226 کیلۆگرامى بەکارهێنراوون.

 

رامى عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى ڕوانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ (26ى شوباتى 2021) لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى هەواڵى فرانس پرێس کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوە کرد "هێرشە ئاسمانییەکەى ئەمەریکا کە ڕێرەوێکى نایاسایى لە باشورى ئەلبوکەمال کردبووە ئامانج بووە هۆى لەناوبردنى سێ بارهەڵگر کە لەعێراقەوە هاتبووە ناو سوریا".

 

ڕونیشیکردەوە، لەهێرشەکەدا ژمارەیەکى زۆر لە چەکدار کوژراوون بەڵام زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بە کوژرانى 17 چەکدارى گروپەکانى سەر بە حەشدى شەعبى دەدەن.

 

وەزیرى بەرگرى ئەمەریکا لەبارەى هێرشە ئاسمانییەکەى ئەمەریکا لە سوریا رایگەیاند "دڵنیاین ئەو ئامانجەى هێرشە ئاسمانییەکە پێکاویەتى سەر بەهەمان ئەو گروپە چەکدارانەن کە بەرپرسن لە هێرشە موشەکییەکەى هەولێر".

 

لوید ئۆستن، وەزیرى بەرگرى ئەمەریکا (26ى شوباتى 2021) ڕوونیکردەوە کە ئەو داواى لە جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمەریکا کردووە ئەو ئۆپراسیۆنە ئەنجام بدەن.

 

وتیشى"پێشتریش وتبومان کە لە کات و ساتى گونجاودا وەڵامى هێرشەکان دەدەینەوە".

 

مایکڵ ماکۆڵ، سەرۆکی لیژنەکە کە هاوکات نوێنەری کۆمارییەکانە لە گۆنگرێسی ئەمەریکا (26ی شوباتی 2021) لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست" ناس کورد" کەوتووە ڕایگەیاند، "داوام لە ئیدارەکەی سەرۆک بایدن کردووە وەڵامی هێرشەکانی ئەم دواییانە بداتەوە کەکراوەتە سەر بەرژەوندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان، هەروەها ستایشی دەکەم کە بە تەواوی ئەو کارەی کردووە".

 

ماکۆڵ ئەوەشی وتووە "وەڵامەکانی لەم شێوەیە، پەیامی هەڕەشە و وەبیرهێنانەوەیە بۆ ئێران و بەکرێگیراوەکانی لە سەرتاسەری جیهاندا کە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا قبوڵ ناکرێت، سوپاسی سەرۆک و کارمەندانی خزمەتگوزاریمان دەکەم بۆ پاراستنی ئەمەریکییەکان لە دەرەوە".

 

شەوى (15ى شوباتى 2021) 14 موشەک ئاڕاستەى هەولێر کرا و بەهۆیەوە بەڵێندەرێکى هاوپەیمانان کوژرا و نۆ کەسى دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان ئەمریکین.