گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

وەزارەتی بەرگریی عێراق لەبارەی هێرشەکەی ئەمەریکاوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

2021.02.26 - 21:05
App store icon Play store icon Play store icon
وەزارەتی بەرگریی عێراق لەبارەی هێرشەکەی ئەمەریکاوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

ناس کورد- 

وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕەتیکردەوه بەشداربووبێت لەزانیاری گۆڕینەوە بۆ هێرشەکەی سەر چەکدارانی حەشد لەسەر سنوری سوریا بەپێچەوانەی لێدوانی پنتاگۆنەوە کە ئاماژەی بەهەماهەنگی کردبوو بۆ هێرشەکه.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دەست ناس کورد کەوتووە، نوسینگەى ڕاگەیاندنى وەزارەتى بەرگریى عێراق (26ى شوباتى 2021) ڕایگەیاندووە، سەریان لەوتەکانى وەزیرى بەرگریى ئەمەریکا سووڕماوە لەسەر ئاڵوگۆڕکردنى زانیارى هەواڵگرى لەگەڵ عێراقدا پێش بەئامانج گرتنى هەندێ پێگە لەناو خاکى سوریاوە.

 

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، لەکاتێکدا ئەوە ڕەتدەکەنەوە، ئەوەش دووپاتدەکەنەوە هاریکاریان لەگەڵ هێزەکانى هاوپەیمانى سنوردارە بەچەند ئامانجێکى دیاریکراو کە لەپێناویدا ئەو هاوپەیمانییە دامەزراوە بەتایبەتى بۆ پرسى شەڕى دژى داعش و هەڕەشەکانى سەرعێراق بەشێوەیەک سەروەرییەکانى خاکى عێراقى تێدا پارێزراو بێت.

 

بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ نزیک لە میدیاكانی چەکدارانی عەسایب و حیزبوڵڵا ( 26ی شوباتی 2021) کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە ئاماژە بەوە کراوە "ئەو هێرشە ئاسمانییەی کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکاوە  کراوەتە سەر چەکدارەکانمان لەسەر سنوری نێوان عێراق وسوریا بە چاوساغی ناوخۆیی بووە".     

  

سەرچاوەکان ئەوەیان خستووەتە ڕوو"هێرشە ئاسمانییەکە بە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی" بەکرێگیراو" بووە  و نۆکەرەکانی ئەمەریکاش لەژێر سایەی کندڕی شوانەکاندا ئەو کارەیان کردووە".     

  

ئاماژە بەوەشکراوە "پێشتر زانیاریمان بووە کە ئەمەریکا نیازی هەیە  هێرشێکی لەو جۆرە ئەنجام بدات، بۆیە پێشوەختە پێگەکانمان لەو ناوچەیە چۆڵکردبوو، فڕۆکەکانی ئەمەریکا شەش بۆحەوت پێگەیان لەو ناوچەیە کردووەتە ئامانج".     

  

بەوتەی ئەوسەرچاوانە "ئەو فڕۆکانەی کە ئەرکەکەیان  ئەنجامداوە لە جۆری فڕۆکەی F15E وبۆمبی جۆری JDAM بەکارهێناوە و لەڕێگەی ئاسمانەوە لە ئاسمانی پارێزگای ئەنبارەوە سوتەمەنیان وەرگرتووە.      

  

وەزارەتى بەرگرى ئەمەریکا (پەنتاگۆن) راگەیەندراوێکى لەبارەى هێرشێکى ئاسمانى ئەو وڵاتە بۆ سەر چەند پێگەیەکى چەکدارانى نزیک لە ئێران لەسنورى سوریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند "هێرشە ئاسمانییەکە وەڵامدانەوەیەکە بۆ ئەو هێرشە موشەکییەى کە کرایە سەر بنکەى هاوپەیمانان لە شارى هەولێر".     

  

بەگوێرەى راگەیەندراوێکى پەنتاگۆن (26ى شوباتى 2021)  لەهێرشە ئاسمانییەکەى سوپاى ئەمەریکادا چەندین پێگەى چەکدارانى کەتائیبى حیزبوڵا و کەتائیبى سەیدولشوهەدا لە رۆژهەڵاتى وڵاتى سوریا کردۆتە ئامانج و ئەو گروپانەشى بە گروپى چەکدارى نزیک لە ئێران ناوبردووە.     

  

هاوکات ئاماژە بەوە کراوە کە هێرشە ئاسمانییەکە بە فەرمانى راستەوخۆى جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمەریکا ئەنجامدراوە.     

  

هەروەها بەگوێرەى هەواڵێکى نیویۆرک تایمز لە هێرشەکەدا حەوت بۆمبى 226 کیلۆگرامى بەکارهێنراوون.     

  

رامى عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى ڕوانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ (26ى شوباتى 2021) لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى هەواڵى فرانس پرێس کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوە کرد "هێرشە ئاسمانییەکەى ئەمەریکا کە ڕێرەوێکى نایاسایى لە باشورى ئەلبوکەمال کردبووە ئامانج بووە هۆى لەناوبردنى سێ بارهەڵگر کە لەعێراقەوە هاتبووە ناو سوریا".      

  

ڕونیشیکردەوە، لەهێرشەکەدا ژمارەیەکى زۆر لە چەکدار کوژراوون بەڵام زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بە کوژرانى 17 چەکدارى گروپەکانى سەر بە حەشدى شەعبى دەدەن.       

  

وەزیرى بەرگرى ئەمەریکا لەبارەى هێرشە ئاسمانییەکەى ئەمەریکا لە سوریا رایگەیاند "دڵنیاین ئەو ئامانجەى هێرشە ئاسمانییەکە پێکاویەتى سەر بەهەمان ئەو گروپە چەکدارانەن کە بەرپرسن لە هێرشە موشەکییەکەى هەولێر".     

  

لوید ئۆستن، وەزیرى بەرگرى ئەمەریکا (26ى شوباتى 2021) رونیکردەوە کە ئەو داواى لە جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمەریکا کردووە ئەو ئۆپراسیۆنە ئەنجام بدەن.     

  

وتیشى"پێشتریش وتبومان کە لە کات و ساتى گونجاودا وەڵامى هێرشەکان دەدەینەوە".     

  

مایکڵ ماکۆڵ، سەرۆکی لیژنەکە کە هاوکات نوێنەری کۆمارییەکانە لە گۆنگرێسی ئەمەریکا (26ی شوباتی 2021) لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست" ناس کورد" کەوتووە  ڕایگەیاند "داوام لە ئیدارەکەی سەرۆک بایدن کردووە وەڵامی هێرشەکانی ئەم دواییانە بداتەوە کەکراوەتە سەر بەرژەوندییەکانی  ئەمەریکا و هاوپەیمانان، هەروەها ستایشی دەکەم کە بە تەواوی ئەو کارەی کردووە".     

  

ماکۆڵ ئەوەشی وتووە "وەڵامەکانی لەم شێوەیە، پەیامی هەڕەشە و وەبیرهێنانەوەیە بۆ ئێران و بەکرێگیراوەکانی لە سەرتاسەری جیهاندا کە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا قبوڵ ناکرێت، سوپاسی سەرۆک و کارمەندانی خزمەتگوزاریمان دەکەم بۆ پاراستنی ئەمەریکییەکان لە دەرەوە".        

  

شەوى (15ى شوباتى 2021)  14 موشەک ئاڕاستەى هەولێر کرا و بەهۆیەوە بەڵێندەرێکى هاوپەیمانان کوژرا و نۆ کەسى دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان ئەمریکین.