گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

لەبارەی ڕێکخستنەوەی کاری شۆفێری تاکسی شۆفێران ئاگاداردەکرێنەوە.. ’’سزادەدرێن’’

2021.02.25 - 20:28
App store icon Play store icon Play store icon
لەبارەی ڕێکخستنەوەی کاری شۆفێری تاکسی شۆفێران ئاگاداردەکرێنەوە.. ’’سزادەدرێن’’

ناس کورد-

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم شۆفێرانی تاکسی ئاگاداردەکاتەوە، مانگی هەشتی ئەمساڵ دوا مۆڵەتە بۆ بەستنی شریت و ئاڕم و لۆگۆی تاکسییەکان و لەدوای ئەو بەروارەوە هەر شۆفێرێک لۆگۆی نەبەستبێت و کارتی زانیاری دەرنەکردبێت بەبڕی 500 هەزار دینار سزادەدرێت، هەروەها شریت و لۆگۆش بە فەرمانبەران و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە نادرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە کابینەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێکی بۆ ڕێکخستنەوەی کاری شۆفێری تاکسی دەرکرد و بەگوێرەی بڕیارەکە، کاری شۆفێری تاکسی لە هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس، هاتوچۆ، فەرمانبەرانی شارستانی جگە لە پلە 7 و 8 و سەرجەم هێزە چەکدارەکانی سەربە حکومەتی هەرێم و عێراق قەدەغە دەکرێت.

 

لەو چوارچێوەیەدا، بڕیاردرا، شریت و لۆگۆ و ئاڕمی تایبەت بدرێت بە شۆفێرانی تاکسی و تاکسییەکانیش بەگوێرەی شارەکان جیابکرێنەوە و کارتی زانیارییش بۆ شۆفێران دەربکرێت.

 

سەڵاح جەوهەر، بەرێوەبەری گشتیی گواستنەوە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن (پێنجشەممە 25ی شوباتی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، " لەئێستادا پرۆژەی دەرهێنانی كارتی زانیاری و بەستنی شریت و ئاڕم و لۆگۆی تایبەت بە تاكسی بەردەوامە، هەرچەندە پرۆسەکە کەمێک بە سستی بەڕێوەدەچێت."

 

وتیشی، پرۆسەکە پشت دەبەستێت بە کارتی بایۆمەتری و ئەو کەسانەی کە فەرمانبەرن یاخود کارمەندی سەربە وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەن لۆگۆیان پێنادرێت و بەگوێرەی بڕیارەکە نابێت کاری شۆفێری تاکسی بکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دوا مۆڵەت بۆ شۆفێران مانگی ئابی ئەمساڵە، واتە مانگی (8)، هەر شۆفێرێك لەدوای ئەو بەروارەوە پابەند نەبێت بە بەستنی شریت و لۆگۆ سزا دەدرێت.

 

"واتە ئەگەر کەسێک فەرمانبەریش نەبێت و لە هیچ دامەزراوەیەکی حکومەتیشدا کار نەکات، بەڵام لۆگۆی نەبەستبێت، لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆوە سزا دەدرێت."، سەڵاح جەوهەر وای وت.

 

ڕوونیشیکردەوە، سزای هەر شۆفێرێکیش یەکەمجار بریتییە لە 500 هەزار و لە دووەم جاردا ئۆتۆمبێلەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت، هەرکەسێکیش گۆڕانکاری لە ڕەنگی شریت و لۆگۆ بکات یاخود بیداتە کەسێکی دیکە، بەهەمانشێوە سزادەدرێت.

 

بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم باسی لەوەشکرد، بریارەکەی حکومەت بۆ ڕێکخستنەوەی کاری تاکسییە وەک پیشەیەک، نەک هەرکەس تاکسییەک بکڕێت و کاری شۆفێری تاکسی بکات.