گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پلانى دووەمى پارێزەران

سزادراوانى بادینان لەبەردەم چەکوشى تەمیزدا

2021.02.25 - 20:00
App store icon Play store icon Play store icon
سزادراوانى بادینان لەبەردەم چەکوشى تەمیزدا

ناس کورد-

 

کەیسى پێنج سزادراوەکەى بادینان هەنگاوێکى دیکەى بڕى، دواى ئەوەى پارێزەرانى دۆسیەکە بەفەرمى تانەیان لە بڕیارى دادگاى لێکۆڵینەوەدا و بەنیازى هەنگاوێکى دیکەشن بۆ "گرەنتى" هەڵوەشاندنەوەى سزاکە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بڕیارەکە نۆ رۆژ لەمەوبەر دەرکرا لەلایەن دادگاى تاوانەکانى دووى هەولێرەوە بۆ سزادانى پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانى بادینان کە پێکهاتوون لە  شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم.

 

دۆسیەکە کە کاردانەوەى فراوانى لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە دروستکردووە، هێشتا دیار نییە بەکوێ دەگات، بەڵام کاردانەوەکان تا دێت فراوانتر دەبن.

 

پارێزەرەکان لەنوسراوى تانەدان لە بڕیارەکەى دادگا، بە 17 خاڵ رەخنەیان لە بڕیارەکە گرتووە و داوا لە دادگاى پێداچوونەوە دەکەن سزادانى ئەو پێنج کەسە هەڵبوەشێنێتەوە کە بەچەند تۆمەتێکى پەیوەست بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشى هەرێم بەسەریاندا سەپێنراوە و بڕیارى ئازادکردنیان بۆ دەربکات.

 

بەشدار حەسەن، یەکێک لە پارێزەرانى دۆسیەکە بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، ئەمڕۆ پێنج شەممە داواى پێداچونەوەیان بە بڕیارەکە ئاڕاستەى دادگاى لێکۆڵینەوە کردووە، دواى ئەوەى دادگاى پێداچوونەوە داواى رەوانەکردنى کەیسەکەى کردووە.

 

بەپێی رێوشوێنەکان لەرۆژى دەرکردنى بڕیارەکەوە لە 16 ى شوبات تا ماوەى مانگێک دەبێت دادگاى لێکۆڵینەوە دۆسیەکە رەوانەى دادگاى پێداچوونەوەى هەولێر بکات.

 

بەشدار حەسەن وتى هێشتا داواکە رەوانەى دادگاى پێداچوونەوە نەکراوە و بەدواداچوونەکانیان بەردەوام دەبێت تا رەوانە دەکرێت.

 

لەگەڵ پێشکەشکردنى ئەو داوایە پارێزەرەکان بەنیازى ئەوەن هەنگاوێکى دیکەش بنێن بەمەبەستى "گرەنتى" هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکە، دواى ئەوەى داواکە رادەستى دادگاى پێداچوونەوە دەکرێت.

 

"دواى گەیشتنى داواکە بە شوێنى مەبەست، ئێمە داوایەک بۆ دادگاى تەمیز بەرزدەکەینەوە، تا لەهەیئەى موەسەعە بڕیارەکە تاوتوێ بکرێت نەک لە دوو هەیئەکەى ترى تەمیز"، بەشدار حەسەن وایوت.

سزادراوانى بادینان لە چاوەڕوانى سێ بژاردەدان

دادگاى تەمیز لەسێ دەستە پێکدێت، یەکەم و دووەم هەریەکەیان لە پێنج ئەندام پێکدێن و دۆسیەکانیان بۆ رەوانە دەکرێت، لەگەڵ دەستەیەکى دیکە کە لەئەندامانى سەرجەم دادگاکە پێکدێت و ژمارەیان بە 11-13 دادوەر دادەنرێت.

 

بەشدار حەسەن وتى "دەمانەوێت دەستەى موەسەعە پێداچونەوە بە سزاکەدا بکات، چونکە ژمارەى ئەندامەکانیان زیاترە و هیوا هەیە بەویژدانەوە سەیرى بریارەکە بکەن نەک بە دەنگدان".

 

دادگاى پێداچونەوە بەرزترین دەسەڵاتە بۆ بڕیاردان لەبارەى هەر سزایەک کە تانەى لێدەدرێت، بە دەنگدان بڕیارە بنبڕەکانى یەکلایی دەکاتەوە.

  

سەربارى ئەو داوایە، پارێزەرەکان هیوایان هەیە سزادراوەکان بەر لێبوردنى گشتى بکەون، بەتایبەتى ئەگەر دادگاى پێداچوونەوە لەبەرژەوەندى سزاکە بڕیاریدا.  

  

بەشدار حەسەن وتى "لەو کاتەدا دەبێت چاوەڕوانى لێبوردنێکى گشتى بکەین بەمەرجێک ئەوان لێی بەدەر نەکرێن".

 

لەهەرێمى کوردستان تا ئێستا سێ جار لێبوردنى گشتى دەرکراوە لە ساڵانى 2007 و 2012 و 2017 کە زیندانێکى زۆر لێی سودمەند بوون و دیار نییە کەى لێبوردنى نوێ دەردەکرێت.  

  

بەشدار حەسەن پێشبینی دەکات لێبوردنى نوێ دەربکرێت، بەتایبەت کە زیندانەکان پڕ بوون و هەڵبژاردنى عێراقیش نزیکە.  

 

لەگەڵ تانەى پارێزەرەکان لە بڕیارى دادگا ناڕەزاییەکان لەسەر کەیسەکە بەردەوامە و لە سلێمانى خۆپیشاندانێکى ناڕەزایی بەڕێوەچوو، هەروەها سێ رێکخراوى نێودەوڵەتى بوارى گەشەپێدانى میدیا نیگەرانى قوڵى خۆیان نیشاندا.

May be an image of 12 people, people standing and outdoors

ئایهان سەعید بە نوێنەرایەتى بنەماڵەى سزادراوەکان لەلێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان لەکاتى گردبوونەوەکەى سلێمانى وتى "تەنها بە ئازادکردنى کەسە نزیکەکانمان رازى دەبین، ئەوان تاوانبار نین و هەڕەشەیان لێکراوە".

 

وتیشى "بڕیارەکە بۆ بێدەنگکردنى بادینانە، ئەگەر دادگا ئازادیان نەکات، بەردەوام دەبین لە بەنێودەوڵەتیکردنى کەیسەکە".

 

لەرۆژى دەرکردنى سزاکەوە، هەر پێنج سزادراوەکە مانیان لە خواردن گرتووە و چاوەڕوانى دادگاى پێداچونەوەن بۆ دەرکردنى بڕیارى بێتاوانیان.  

 

"رێگەیان پێنەداون پارێزەریان هەبێت، ئەوان رفێنراون و لێیان دراوە و لەناو قەسى دادگا وتوییانە هەڕەشەیان لێکراوە، تەنانەت هەڕەشەى ناموس"، ئایهان کە براى یەکێک لە سزادراوەکانە وایوت.

  

لەو کاتەوە کە بڕیارەکەیان بەسەردا دراوە، سزادراوەکان یەکجار بە تەلەفۆن پەیوەندییان بە کەسوکارییانەوە کردووە، ئەوەش دواى ئەو کاردانەوە و فشارە جیاجیایانەى لەسەر بڕیارەکە سەریهەڵدا.  

  

بەوتەى کەسوکاریان، سزادراوەکان چەند داواکارییەکیان هەبووە کە بریتین لە گەیاندنى دەنگى بێتاوانیان بەجیهان، گۆڕینى شوێنى زیندانیکردنیان، ئاگاداربوون لە کەسوکاریان.

 

کەیسەکە لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە هاوسۆزى بۆ دروستبووە، بەڵام هێشتا دیار نییە دادگاى پێداچونەوە چى بڕیارێک دەدات، بەڵام ئەنجومەنى دادوەرى هەرێم پێشتر بەرگرى لە بڕیارەکەى دادگا کردبوو، کاردانەوەکانیشى بە "دەستوەردان لە کاروبارى دادگا" ناوبردبوو.

 

هەر سێ رێکخراوى (Free Press Unlimited  – IMS – MiCT) بوارى گەشەپێدانى میدیا ئەمڕۆ لەبەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەیان بەوەکردووە، بڕیاری دادگا لە 16ی شوباتی 2021 بەزیندانیكردنی ژمارەیەك رۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی، نیگەرانییەكی گەورەی لێكەوتەوە سەبارەت بەو پانتاییه‌ فەراهەمكراوه‌ی بۆ گفتوگۆی گشتی لە هەرێمدا هه‌یه‌.  

 

پێشتر زۆرێک لە کونسوڵخانەى وڵاتان لە هەرێم نیگەرانى خۆیان لەسەر رەوشى ئازادى رادەبڕین نیشاندا، دواى بڕیارەکەى دادگا، ئەوەش بەرپرسانى باڵاى هەرێمى هێنایە سەرخەت.

 

ئەوەى کاردانەوەکانى بەفراوانتر کردووە، لێدوانێکى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمە کە هەفتەیەک پێش بڕیارەکەى دادگا، ئەو کەسانەى بە "سیخوڕ" ناوبرد، دواتریش لەدادگا بەهەمان تۆمەت سزادران.

 

مەسرور بارزانى چوار رۆژ دواى دەرکردنى بڕیارەکە لەلایەن دادگاوە لە پەیامێکدا داواى رێزگرتن لە سیستەمى دادوەرى کرد، ئەوەش دواى رۆژێک لە پەیامەکەى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم کە جەختیکردەوە ئەوە دوا بڕیار نییە و هیچ لایەن و کەسێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە.