ناس کورد-
بریکاری تەکنیکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتەکەی سورە لەسەر تەواوکردنی ساڵی خوێندن و جەختیشکردەوە، پەیڕەوکردنی سیستمی خوێندنی ئەلیکترۆنی لەم دۆخەدا، ئامرازێکی گرنگ و هەنوکەییە، بۆیە دەبێت هەموان پشتیوانی وەزارەتەکەی بن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەسەن سەبری لامی، بریکاری تەکنیکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق (24ی شوباتی 2021) لە میانەی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست"ناس کورد" کەوتووە ڕایگەیاند "وەزارەتەکەی سورە لەسەر تەواوکردنی ساڵی خوێندن، پەیڕەوکردنی سیستمی خوێندنی ئەلکترۆنی لەم دۆخەدا ئامرازێکی گرنگ و هەنوکەییە و باشترین بژاردەشە، بۆیە دەبێت هەموان پشتیوانی وەزارەتەکەمان بن".
لامی، ئەوەشی خستووەتە ڕوو "کە وەزارەت بە گیانی تیمێک لەگەڵ هاوکارە پشتیوانەکانیدا کار بۆ تەواوکردنی ساڵی خوێندن دەکات، بە تایبەتی دوای سەرهەڵدانی پەتای کۆرونا کە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا سیستمی پەروەردەیی دوچاری زەبرێکی قورس کردووەتەوە".
بریکاری تەکنیکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە "ئێمە بە پەڕۆشەوە کاردەکەین بۆ ئامادەکردن و دروستکردنی نەوەیەکی بەهێز کە پێشەنگی قۆناغەکە بکەن و بەشداربێ لە پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەی نیشتمان بکەن بە زانیاریی پڕچەککراو".
لامی ئاماژەى بەوەشکردووە "کە لەم قۆناغەدا چەندین لەمپەر و ئاستەنگی هەیە کە سیستمی پەروەردەیی ئابڵۆقە داوە، بۆیە پێویست بەوە دەکات کە هەمووان دەست لەناودەست بین بۆ ئەوەی کەشی هاندەر بۆ مامۆستا و خوێندکار دروست بکەین بۆ بەدیهێنانی ئامانجی خوازراو کە خۆی دەبینێتەوە لە پەروەردەی دوور"ئۆن لاین" لەژێر سایەی هەلومەرجە هەنووکەییەکەدا".