گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە تاڵترینەوە بۆ شیرینترین

سزادراوانى بادینان لە چاوەڕوانى سێ بژاردەدان

2021.02.24 - 11:54
App store icon Play store icon Play store icon
سزادراوانى بادینان لە چاوەڕوانى سێ بژاردەدان

ناس کورد-
پارێزەرانى سزادراوانى بادینان ئومێدیان لەسەر سێ بژاردە هەڵچنیوە بۆ ئازادکردنى ئەو پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنوسەى بە شەش ساڵ زیندانى لەلایەن دادگاى هەولێرەوە سزادران.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سزادانى ئەو پێنج کەسە لە 16ی شوباتی 2021 لەلایەن دادگای تاوانەکانی دووی هەولێرەوە بەچەند تۆمەتێکى پەیوەست بە ئاسایشى هەرێم، کاردانەوەى خێراى بەدواى خۆیدا هێنا کە تا ئێستاش بەردەوامە.

 

لەرۆژى دەرکردنى بڕیارەکەوە چاوەکان لەسەر دادگاى تێهەڵچوونەوەیە، کە بڕیارەکەى بۆ ڕەوانەدەکرێت بەمەبەستى پێداچوونەوەى، بەڵام هێشتا بڕیارەکە لەشوێنى دەرکردنى ماوەتەوە.

 

پارێزەرەکانى دۆسیەکە لەرۆژى دەرکردنى بڕیارەکەوە لەهەوڵى چڕوپڕدان بۆ دۆزینەوەى دەرچەیەک بەهیواى پەسەندنەکردنى سزاکە لەلایەن دادگاى پێداچوونەوەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەنجامى هەوڵەکە بەکوێ دەگات.

 

بەشدار حەسەن، پارێزەرى دۆسیەى دەستگیرکراوانى بادینان ئەمڕۆ چوارشەممە بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، هێشتا دۆسیەکە رەوانەى دادگاى پێداچونەوە نەکراوە، دۆسیەکە گەورەیە و لە 1000 لاپەڕە پێکدێت، رەوانەکردنى کاتى دەوێت.

 

لەرۆژى دەرکردنى سزاکەوە، هەر پێنج سزادراوەکە کە پێکهاتوون لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم مانیان لە خواردن گرتووە و چاوەڕوانى دادگاى پێداچونەوەن بۆ دەرکردنى بڕیارى بێتاوانیان.

 

دادگاى پێداچونەوە کە لە پێنج ئەندام پێکدێت بەرزترین دەسەڵاتە بۆ بڕیاردان لەبارەى هەر سزایەک کە تانەى لێدەدرێت، بڕیارەکە بە دەنگدان یەکلایی دەکرێتەوە، دواى ئەوەى ئەندامەکانى بۆچونى خۆیان لەبارەى سزاکەوە دەخەنەڕوو.

 

بەگشتى بڕیارەکانى دادگاى پێداچونەوە لەچەند بڕیارێک تێناپەڕن، یان جێبەجێکردنى سزاکە وەک خۆى، یان سوککردن، یان ئازادکردن یاخود نوێکردنەوە.

 

بەشدار حەسەن دەڵێت، جارى واهەیە دادگاکە چەندین کۆبوونەوەى چڕ و پڕ دەکات بۆ ئەوەى بگاتە بڕیارێکى یەکلاکەرەوە، بەهۆى بۆچوونى جیاجیاى ئەندامەکانییەوە.

 

لەگەڵ هیواى پارێزەرەکان بۆ دەرکردنى بڕیارى ئازادکردنى سزادراون لەلایەن دادگاى پێداچوونەوەوە، پارێزەرەکان چاویان لە بژاردەیەکى دیکەشە، کە بریتیە لە پێداچونەوە بە بڕیارەکە لەلایەن دەستەیەکى دیکەى دادگاکەوە کە ئەندامەکانى زۆرترە.

 

"دەمانەوێت دەستەى موەسەعە کە لە 11-13 ئەندام پێکدێت پێداچونەوە بە سزاکەدا بکات، چونکە ژمارەى ئەندامەکانیان زیاترە و هیوا هەیە بەویژدانەوە سەیرى بریارەکە بکەن نەک بە دەنگدان"، بەشدار حەسەن وایوت.

 

سەربارى ئەو داوایە، پارێزەرەکان هیوایان هەیە سزادراوەکان بەر لێبوردنى گشتى بکەون، بەتایبەتى ئەگەر دادگاى پێداچوونەوە لەبەرژەوەندى سزاکە بڕیاریدا.

 

بەشدار حەسەن وتى "لەو کاتەدا دەبێت چاوەڕوانى لێبوردنێکى گشتى بکەین بەمەرجێک ئەوان لێی بەدەر نەکرێن".

 

لەهەرێمى کوردستان تا ئێستا سێ جار لێبوردنى گشتى دەرکراوە لە ساڵانى 2007 و 2012 و 2017 کە زیندانێکى زۆر لێی سودمەند بوون و دیار نییە کەى لێبوردنى نوێ دەردەکرێت.

 

بەشدار حەسەن پێشبینی دەکات لێبوردنى نوێ دەربکرێت، بەتایبەت کە زیندانەکان پڕ بوون و هەڵبژاردنى عێراقیش نزیکە.

 

لەو کاتەوە کە بڕیارەکەیان بەسەردا دراوە، سزادراوەکان یەکجار بە تەلەفۆن پەیوەندییان بە کەسوکارییانەوە کردووە، ئەوەش دواى ئەو کاردانەوە و فشارە جیاجیایانەى لەسەر بڕیارەکە سەریهەڵدا.

 

بەوتەى کەسوکاریان، سزادراوەکان چەند داواکارییەکیان هەبووە کە بریتین لە گەیاندنى دەنگى بێتاوانیان بەجیهان، گۆڕینى شوێنى زیندانیکردنیان، ئاگاداربوون لە کەسوکاریان.