گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

یەک شەو نەخەوتن چى لە مرۆڤ دەکات؟ زانایان وەڵام دەدەنەوە

2021.02.23 - 09:36
App store icon Play store icon Play store icon
یەک شەو نەخەوتن چى لە مرۆڤ دەکات؟ زانایان وەڵام دەدەنەوە

ناس كورد- 

مانەوە تا درەنگانێکى شەو و نەخەوتن، کاریگەرى خراپى لەسەر تەندروستى هەیە، ئەوەش بەپێى لێکۆڵینەوەیەکى زانایانى تایبەتمەندى دەمارەکان لە نەرویج.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماڵپەڕى "ساینس ئەلێرت" (23ى شوباتى 2021) لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، زانایانى تایبەتمەندى دەمارەکان لە نەرویج ئاشکرایان کردوە، مانەوە تا درەنگانێکى شەو و نەخەوتن کاریگەرى خراپى لەسەر تەندروستى هەیە، ئەوەش بەپێى لێکۆڵینەوەیەک کە تێیدا 21 گەنج بەشدارییان کردووە.

 

ئەوەش هاتوە، ئەو خۆبەخشانە ماوەى 23 کاتژمێر بەخەبەر بوون و بۆ بەدەستهێنانى چەند ئەنجامێکیش ڕێگە نەدراوە خواردنەوە کهولیيەکان و کافایین و نیکۆتین بەکاربهێنن، پێش پشکنینى (DTI)یش کە چۆنێتى بڵاوبونەوەى ئاو بە جەستە و تەندروستى سیستمى هەرس پیشان دەدات، ڕێگەیان نەدراوە هیچ شتێک بخۆن.

 

بەپێى هەمان ڕاپۆرت، شەوێک بەبێ خەو گۆڕانکارى گەورە لە مادەى سپى مۆخدا دروست دەکات، واتا تۆڕى پەیوەندیەکانى مێشک دەڕوخێت، ئەوەش کاتێک هەستى پێدەکەیت کە بتەوێت بیربکەیتەوە لە شتێکى دیاریکراو و بیرکردنەوەکاندا کۆبکەیتەوە، هەر لە لێکۆڵینەوەکەدا هەست بە گۆڕانکارى لەسەرجەم ناوچەکانى مۆخدا کراوە.

 

لاى خۆیەوە "تۆربیۆرن فساشیگن" دانەرى سەرەکى ڕاپۆرتەکە دەڵێت، بۆچونمان وایە کاریگەریەکانى یەک شەو نەخەوتن لەسەر مادەى سپى مۆخ ماوەکەى کەمە ئەوەش دواى ئەوەى چەند شەوێک دواتر خەوت ئاسایى دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە کەمخەوى کاتى ببێتە هۆى گۆڕانکارى ماوە درێژ لە مێشکدا.

 

لە لێکۆڵینەوەکەدا هەمان کاریگەرى لەسەر مێشکى دوو بەشداربوو دروست نەبووە، زانایان دەڵێن، لەوانەیە هەندێک کەس پارێزەرێکى باشتریان هەبێت بۆ ڕێگەگرتن لە دروستبونى ئاسەوارەکانى نەخەوتن.