گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەڵبەز و دابەز

“قومارى تمەن“ بازرگانانى دراو لە سلێمانى شۆک دەکات

2021.02.22 - 22:34
App store icon Play store icon Play store icon
“قومارى تمەن“ بازرگانانى دراو لە سلێمانى شۆک دەکات

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

بەردەوامى هەڵکشان و داکشانى نرخى تمەن بازاڕى ئاڵوگۆڕى ئەو دراوەى لە هەرێمى کوردستان گەرمکردووە، بەڵام ئەو جموجۆڵە خێرایە "خەڵکێکى زۆرى مایەپوچ کردووە" کە بەمەبەستى دەسکەوتنى قازانج دەستیان بە مامەڵکردن بەو دراوە کردووە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

زۆرێک لە بازرگانانى دراو هیوایان لەسەر دەستبەکاربوونى جۆ بایدن هەڵچینیبوو بۆ بەرزبوونەوەى بەهاى تمەنى ئێرانى، کە لە سەردەمى دەسەڵاتى ترەمپدا رووى لە داڕوخان کرد، بەڵام دەستبەکاربوونى ئەویش دۆخى ئەو دراوەى نەگۆڕى، لەجیاتى ئەوە دەستى بە هەڵکشان و داکشانى خێرا کرد کە سەرى لە بازرگانان شێواندووە.

 

لە هەرێمى کوردستان بەتایبەتى لەبازاڕى دۆلارەکەى سلێمانى زۆرترین مامەڵە بە تمەنى ئێرانییەوە دەکرێت و خەڵکێکى زۆر سەریان کردووەتە ناو ئەو مامەڵەیەوە، بەتایبەتى لەم ماوەیەدا بەهیواى دەستکەوتنى قازانج، بەڵام وەک بازرگانان باسى دەکەن زۆرێکیان "مایەپوچ" بوون.

 

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاری دۆلارەکەی شاری سلێمانی (22ی شوباتی 2021) لە لێدوانێکیدا بۆ"ناس کورد" ڕایگەیاند، "بەوپێیەی کە شاری سلێمانی سەنتەری مامەڵکردنی سەرەکی تمەنە لە هەرێمی کوردستان، بۆیە خەڵکێکی زۆر لەم دەڤەرە سەرقاڵی مامەڵکردنن بەودراوەوە، بەراورد بە شارەکانی دیکەی هەرێم".

 

ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی داخستنی بازاردا بەهاى دۆلارێکی  ئەمەریکی بەرانبەر بە دوو هەزار و 450 تمەن بووە، بەڵام لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا دۆلارێکی ئەمەریکی بەرانبەر بە دوو هەزار و 690 تەمەن مامەڵەی پێوە کراوە و نرخەکەی بە ڕێژەی لە4%دا بەرزبووەتەوە.

 

جەبار گۆران وتى، "دۆخی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی ئێران کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بەهاکەی، بۆیە ماوەیەکی زۆرە نرخەکەی ناجێگیرە کە ئەوەش وایکردووە ڕێگە بۆ کەسانێکی زۆر خۆشبکات مامەڵەی پێوە بکەن بە ئومێدی قازانجکردن".

 

مامەڵەکارانى تمەن بە تامەزرۆییەوە گوێیان هەڵخستووە بۆ هەواڵەکانى تایبەت بە ئەگەرى دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکانى تاران و واشنتن کە کاریگەرى راستەوخۆ لەسەر بەهاى ئەو دراوە دروستدەکات، بەڵام ئاڕاستەى لێدوانەکان خەریکە بێهیوایان دەکات بەتایبەتى کە هێشتا هیچ بەرەو پێشچونێکى ئەرێنى نابینرێت.

 

"هەواڵی ئەگەری دانووستانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بە تایبەتی دوای هاتنی ئیدارەکەی بایدن وایکردووە نرخەکەی بەخێرایی جوڵە بکات، دراوەکە هەر ڕۆژێک بە نرخێک مامەڵەی پێوە دەکرێت"، جەبار گۆران وایوت.

 

لە بازاڕى دۆلارەکەى شارى سلێمانى بەچەند شێوەیەک مامەڵە بە دراوەوە دەکرێت لەناویاندا تمەن، کە یەکێکیان هەواییە و ئەوەى دیکەشیان مامەڵەى نەقدییە، مامەڵەکانى تمەن لەو بازاڕە رۆژانە خۆى دەدات لە چەندین ملیار تمەن.

 

ئاریز حاجی واحید، خاوەنی نوسینگەی لازیا لە بازاری دۆلارەکەی شاری سلێمانی بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند "لە ماوەی ڕابردوودا دەیان کەس لە سلێمانی بەهۆی مامەڵەکردن بە تمەنەوە مایە پوچ بوون، کەس لەو مامەڵەیەدا براوە نییە و وەک قومار وایە، ئەوەشی قازانج دەکات تەنها دەتوانێت قەرەبووی ئەو زەرەرە بکاتەوە کە پێشتر دوچاری بووەتەوە و هیچی تر".

 

وتیشى "ئەوانەی مامەڵە بەتمەنەوە دەکەن لەسەر بنەمایەکی زانستی و ئابوریی مامەڵە ناکەن و هیچ شارەزاییەکیان نییە، بۆیە زۆر بە ئاسانی دوچاری زیان دەبنەوە، ناجێگیریی نرخەکەی وایکردووە خەڵکی ناشارەزا بە مەبەستی قازانج ڕوو لەو مامەڵەیە بکەن".