گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆکارى وازهێنانى لە گۆڕان

ڕێباز حەملان ناوەڕۆکى نێوەندگیریی بارزانى و عومەرى سەید عەلى ئاشکرا دەکات

2021.02.22 - 22:08
App store icon Play store icon Play store icon
ڕێباز حەملان ناوەڕۆکى نێوەندگیریی بارزانى و عومەرى سەید عەلى ئاشکرا دەکات

ناس کورد-
ڕێباز حەملان ڕایگەیاند، ساڵى 2017 پەیوەندییەکى تەلەفۆنى لەنێوان عومەرى سەید عەلى و مەسعود بارزانیدا ڕێکخستووە بۆ بەشدارى گۆڕان لە کۆبوونەوەى پەرلەمان تایبەت بە بڕیاردان لە ڕیفراندۆم، بەڵام بێ ئەنجام بووە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕێباز حەملان، یاریدەدەرى مەسرور بارزانى بۆ کاروبارى ئابورى لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "ئێن ئار تى" کە "ناس کورد" بینیویەتى (22ی شوباتی 2021) باسى لەوەکرد، دواى هەڵبژاردنى خانەى ڕاپەڕاندنى گۆڕان و ڕێکخەرى گشتى، پەیوەندییەکى تەلەفۆنی ڕێکخستووە لەنێوان عومەرى سەید عەلى و مەسعود برزانى دوو ڕۆژ پێش کۆوبونەوەى پەرلەمان بۆ بڕیاردان لەسەر وادەى ریفراندۆم.

 

وتیشى، "ساڵى 2017 بارزانى پەیوەندى پێوەکردم، من کەوتمە نێوان ئەو و عومەرى سەید عەلى کە گۆڕان بۆ ڕیفراندۆم خۆى جیانەکاتەوە، سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرەکانیش بگەرێنەوە و گۆڕان بەشدارى بکات لە کۆبوونەوەى بڕیاردان لە ڕیفراندۆم، ئەگەر دەنگیش نەدات، کاک عومەر پێی خۆش بوو بەڵام پێی وتم کە ناتوانێت ئەو بڕیارە بدات و داوایکرد هەفتەیەک دوابخرێت، بەڵام کۆبوونەوە دوانەخرا چونکە تەنها دوو رۆژ مابوو".

 

لەبارەى وازهێنانییەوە لە گۆڕان، ڕێباز حەملان ڕایگەیاند، "ئەوەى من زۆر ڕاستگۆیانەترە لەوەى لە حزبێکدا بیت و کار بۆ حزبێکى دیکە بکەیت، من ڕاستگۆیانە بریارمداوە کە ناتوانم لەگەڵ بەڕێوەبردنى ئێستاى گۆڕان بەردەوام بم".

 

"من پێش ئەوەى کاک نەشیروان کۆچى دوایی بکات بە شەش مانگ پێش ئەوە نەدەچومە گردەکەکە و زویر بووم، ساڵێک دواى ئەوەى ئێمەیان لە حکومەت دورخستەوە من نوسراوێکم بۆ دەستەى بەڕێوەبردنى گۆڕان نوسی کە دەستلەکارکێشانەوەمان لە حکومەت رابگەیەنین، بەڵام لەکۆبوونەوەیەکدا زۆر بەتوندى وەڵامیان دامەوە، وتیان ئەو قسەیە دەچێتە بوارى خزمەتکردن بە پارتى".

 

رێباز حەملان ئەوەشى خستەڕوو، "دواتر گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو لە حکومەت کشانەوە، ئەوکات من گەڕامەوە بۆ وەزارەت، نەک لەسەر پشکى گۆڕان، بەڵکو وەک کەسێکى سەربەخۆ، چونکە حکومەت نیسابی یاسایی نەمابوو لە کەوتندا بوو".

 

"نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوو کە من نامەم بۆ نوسى و نیگەرانییەکانم پێگەیاند، ئەگەر ئەو لە ژیاندا بوایە دۆخەکە بۆمن جیاواز دەبوو، من بەشەخسى خۆى دەستنیشانى کردم بۆ بوون بە وەزیر" ڕێباز حەملان لە وەڵامى پرسیارێکدا لەبارەى ئەوەى ئەگەر نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوایە وازى لە گۆڕان دەهێنا وایوت.

 

لەبارەى ئەوەى بۆچى لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى نەچووە سەرۆکایەتى هەرێم، رێباز حەملان وتى "مەسعود بارزانى منى راسپارد بەردەوام بم لەگەڵ مەسرور بارزانى بۆ ئەوەى وەک یاریدەدەرى کاروبارى ئابورى بەردەوام بم، منیش فەرمانى ئەم جێبەجێکرد".