گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نێچیرڤان بارزانی واژۆی لەسەر گواستنەوەی پڕۆژەکە کردووە

پڕۆژەیەکی نیشتەجێ بوونی کرێکاران پێش تەواوبوونی بە سێ ملیۆن دۆلار فرۆشراوەتەوە

2019.05.29 - 18:01
App store icon Play store icon Play store icon
پڕۆژەیەکی نیشتەجێ بوونی کرێکاران پێش تەواوبوونی بە سێ ملیۆن دۆلار فرۆشراوەتەوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە کەلار کە تایبەت بە کرێکاران دروستکراوە، پێش دروستکردنی وەبەرهێنەرەکە پڕۆژەکەی بە وەبەرهێنێکی دیکە فرۆشتووە و ئەوەش نرخی پڕۆژەکەی بەرزکردووەتەوە. . دەستەی وەبەرهێنانی گەرمیانیش ڕەتیدەکاتەوە کڕین و فرۆشتن بە پڕۆژەکەوە کرابێت و دەڵێت، بە واژووی نێچیرڤان بارزانی بڕیاری گواستنەوەی خاوەنی پڕۆژەکە لە وەبەرهێنەرێکەوە بۆ یەکێکیتر دراوە. . بەپێی بەدواداچونەکانی ناس کورد هەرزانترین نرخ بۆ هەر یەکەیەکی نییشتەجێ بوون لەو پڕۆژەیەدا 57 هەزار دۆلارە لە کاتێکدا هەر لە نزیک پڕۆژەکە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی دیکە هەیە کە نرخی یەکەیەک بە 45 هەزار دۆلارە. . لەوبارەوە محەمەد شێخ وەهاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "پڕۆژە نیشتەجێبوونەکە ناوی "بان ستی"یە و کاتێک دراوە بە وەبەرهێنێک، پێش ئەوەی هیچ کارێکی تێدا بکات پڕۆژەکە هەر خۆڵ بووە  بە بڕی سێ ملیۆن دۆلار فرۆشتوویەتییەوە بە وەبەرهێنێکی دیکە". . وتیشی، بەهۆی ئەو کڕین و فرۆشتنەوە کە بە پڕۆژەکەوە کراوە، نرخی یەکەکان زۆر بەرزبووەتەوە و نرخی هەرزانترین یەکەی گەیشتووەتە 57 هەزار دۆلار. . ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا باس لەوە دەکات دەبوایە کار لە سەر کەمکردنەوەی نرخی یەکەکان بکرایە بەوپێیەی پرۆژەکە بۆ کرێکارانی سنورەکەیە. . محەمەد شێخ وەهاب ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی یاسای وەبەرهێنان کاتێک پڕۆەیەک دەدرێت بە کەسێک، پێویستە لەسەری پڕۆژەکە تەواو بکات و فرۆشتنی پڕۆژە بەهەموو شێوەەیەک دژی یاسای وەبەرهێنانە، گومان لەوەدانییە کە هەر دەستەی وەبەرهێنانیش ئاسانکارییان بۆ ئەنجامدانی کارەکە کردووە.   لە بەرامبەردا دەستەی وەبەرهێنانی گەرمیان  ڕەتیدەکاتەوە هیچ شتێکی نایاسایی لە پڕۆژەکەدا کرابێت و دەڵێت کڕین و فرۆشتن بە پڕۆژەکەوە نەکراوە و گرانبوونی نرخییەکەکانی ئەو پڕۆژەیە بۆ بەرزی کوالێتی پرۆژەکە دەگەڕێنێتەوە. . عومەر محەمەد عەلی، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " ئەو کەسەی پڕۆژەکەی وەرگرتووە نەیتوانیوە "خطاب ضمان" بۆ پڕۆژەکە بکات، بۆیە بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەکە دراوە بە یەکێکیتر، بە دوو شێواز، یەکەم تەنازول کردنی گریلان ستی بۆ بان ستی، دووەمیان هاوبەشیکردنی بان ستی لەگەڵ کۆمپانیای بامۆک و دابینکردنی "خطاب ضمان"ی بۆ پڕۆژەکە، نەوەک کڕین و فرۆشتنکردن بە پڕۆژەکەوە. . بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان وتیشی، بەهیچ شێوەیەک ئەو گۆڕانکاریکردنە نەبووەتە هۆی گرانبوونی نرخی یەکەکان، بەڵکو بەرزی کوالێتی یەکەکان و خزمەتگوزارییەکان وای کردووە نرخیان لە یەکەکانی پڕۆژەکانی دیکە بەرزتر بێت. . عومەر محەمەد ڕوونیشیکردەوە، قازانجی پڕۆژەکە 20٪ بووە و بەگشتی لە کۆتاییدا بڕی یەک ملیۆن دۆلار لە قازانجی پڕۆژەکە کەمکراوەتەوە، بۆ هاوکاریکردنی کرێکاران. . سەبارەت بەو پڕۆژەیەی کە یەکەکانی دراون بە چوار دەفتەر و 50 وەرەقە، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان ڕوونیکردەوە، ئەو پڕۆژەیە وەبەرهێنەکەی کە جێبەجێیکردووە، بەبێ قازانج ئەنجامیداوە، هەروەک کارێکی خێرخوازی و هاوکاری بۆ هاوڵاتیان، بۆیە بەوشێوەیە بە هەرزان فرۆشراوە. . هاوکات محەمەد شێخ وەهاب پێیوایە دەبوو نرخی ئەو یەکانە هەرزانتر بوایە چونکە ئەو پڕۆژەیە لەکاتی قەیرانی داراییدا جێبەجێکراوە، بەتایبەت کە تایبەتە بە کرێکاران و کرێکارانیش کەسانی کەمدەرامەتن. . ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تەئکیدیکردەوە، کە شتێکی نایاسایی لە پڕۆژەکەدا هەیە و  لەگەڵ پەرلەمانتارێکدا یاداشتیان داوەتە ئەنجومەنی پاڕیزگای سلێمانی و پەرلەمانی کوردستان تا بەدواداچوون بۆ کەیسەکە بکەن.