گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

لێدوانی نەخۆشخانەی منداڵانی هەولێر لەبارەى توشبوونی منداڵان بە کۆرۆنای نوێ

2021.02.22 - 19:24
App store icon Play store icon Play store icon
لێدوانی نەخۆشخانەی منداڵانی هەولێر لەبارەى توشبوونی منداڵان بە کۆرۆنای نوێ

ناس کورد-

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی فێرکاری بۆ منداڵان لە هەولێر دڵنیایی دەدات لەوەی هیچ توشبوویەکی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکەیان تۆمار نەکراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دکتۆر مەحمود محەمەد لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد"، (22ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، لەئێستادا ڕۆژانە پشکنین بۆ منداڵان دەکرێت تایبەت بە دیاریکردنی کۆرۆنای گۆڕاو بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ توشبوویەکی کۆرۆنای گۆڕاو لە ناو نەخۆشخانەکە تۆمار نەکراوە.

 

باسی لەوەشکرد، سەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکەیان ئامێرو پێدوایستی تایبەت بە کۆرۆنا دانراوەو لە ئێستاشدا سەرجەم ئەو ئامێرانە لەبەردەستن، چونکە چارەسەری ئەم جۆرەی کۆرۆناش بەهەمان شێوەی کۆرۆنای پێشووەو جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە.

 

دکتۆر مەحمود محەمەد جەختی لەوەشکردەوە، ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان باس دەکریت مەترسی گەورە لەسەر منداڵان هەیە بەوجۆرە نییە تەنها ئەوەیە ئەم جۆرەی کۆرۆنا خێراترە لە بڵاوبوونەوە نەوەک مەترسییەکە تەنها بەس لەسەر منداڵ بێت.



ئەوەش لەکاتێکدا ئەمڕۆ دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، 14 تووشبووی دیكەی كۆرۆنای گۆڕاو لە ھەولێر تۆمار كران كە حەوت کەسیان لە دەرەوە گەڕاونەتەوە ھەولێر و حەوتی دیكەشیان لەناو كۆمەڵگە بوون.



وتیشی، 12 تووشبوویان تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 45 ساڵە و یەكێكیشان تەمەنی 15 ساڵە و ئەوەی دیكەشیان منداڵە و تەمەنی 6 ساڵە.



ڕۆژی یەکشەممە 21ی شوباتی 2021، بۆ یەكەمجار پێنج حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنای گۆڕاو لە ھەولێر تۆماركران.

 

هاوکات وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداری دا لە بەرزبوونەوەى توشبووانی کۆرۆنا و دەڵێت، "توشبوون بە کۆرۆنا لە ناو منداڵان و گەنجاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەوەش یەکەمجار ڕوودەدات."

 

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکی بەپەلەدا کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە (20ی شوباتی 2021) دەڵێت، "لەم ڕۆژانەى دواییدا هەڵکشانى توشبووان بە شێوەیەکی بەردەوام تێبینی دەکرێت، ئەوەش سەربارى تۆمارکردنى چەند حاڵەتێکى توندى مناڵان و گەنجان بە ڤایرۆسەکە."