گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

پێشنیازی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی قوتابخانەکان

2021.02.22 - 10:43
App store icon Play store icon Play store icon
پێشنیازی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی قوتابخانەکان

 

 ناس کورد-

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان راگەیاند، جگە لەو پێنج کەسەی کە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو بوون، تووشبووی دیکەش هەن، دەشڵێت، جارێ زووە بیر لە داخستنی هەموو شوێنە گشتییەکان و قوتابخانەکان بکەنەوە و هیچ پێشنیازێکیان لەوبارەیەوە نەداوەتە حکومەت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "ڕووداو" ڕایگەیاند، " جگە لەو پێنج کەسەی کە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو بوون، تووشبووی دیکەش هەن، بەڵام جارێ رانەگەیەندراون."

 

وتیشی، " ئەگەر بێت و هاووڵاتیان خۆیان نەپارێزن رەنگە کۆرۆنا گۆڕاوەکە زیاتر بڵاوبێتەوە و ژیانی ئاسایی تێکبدات و وەک ساڵی پاری لێبێت، ئەگەریش هاووڵاتیان هاوکار بن ئەوا دەتوانین نەگەینەوە بەو دۆخەی لە ساڵی رابردوو بینیمان."

 

سەبارەت بە ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە لەلایەن حکومەتەوە، وەزیری تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، "ئێمە چەند پێشنیازێک دەدەینە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و بەپێی قۆناغەکان بڕیار لەبارەی رێکارەکان دەدەین، بڕیاری پێویست دەدرێت بەپێی گوزەرانی ژیانی هاونیشتمانییان، تەندروستیی هاونیشتمانییان لە پێش هەموو شتێکەوە، بەڵام ناکرێت بیر لە داخستنی هەموو شوێنێک بکەینەوە و کەرەنتین رابگەیێنین، بۆیە دەبێت هاونیشتمانییان پابەندبن و جموجۆڵی هاووڵاتیان لەگەڵ شارەکانی خوار و ناوەڕاستی عێراق کەمبکرێتەوە و بازگەکان کۆنترۆڵ بکرێن، بۆیە رەنگە لە داهاتوودا بڕیاری پێویست لەبارەی رێکارەکان بدەین، ئێستاش هەموو نەخۆشخانەکان کە بۆ کۆرۆنا دانراون، ئامادەن و هەموو نەخۆشخانە تایبەتەکانیش ئاگادارکراونەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە."

 

وەزیری تەندروستیی هەرێم وتیشی، سێ پێشنیازیان داوەتە وەزارەتی ناوخۆ کە ئەمانەن:

 

یەکەم: بازگەکانی نێوان پارێزگاکان بەتەواوی دابخرێن یان بە کراوەیی بمێننەوە. چونکە ئێستا ئێران لەگەڵ عێراق بە تەواوەتی دایخست.

 

دووەم: ئەگەر بە تەواویش دانەخرێت بۆ شاندە دیپلۆماسییەکان، رێکخراوە بیانییەکان و بارهەڵگرە بازرگانییەکان چی لێبکرێت؟ بۆ ئەوەی جمووجۆڵی بازرگانی کۆتایی پێنەیەت.

 

سێیەم: هەر وەکو ئێستا بمێنێتەوە. بەڵام دەبێت هەموو کەسێک پشکنینی تایبەتی بۆ بکرێت و بەتایبەت ئەوانەی تووشبووی کۆرۆنای گۆڕاون رێگەیان پێنەدرێت بێنە نێو هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام ئەگەر بێت و تووشبوون زیاتر بێت رەنگە کۆمەڵێک رێکاری دیکە بگرینەبەر.

 

سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن، د. سامان بەرزنجی باسی لەوەکرد، " رێکارەکانمان بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان ئەمساڵ باشترە لە ساڵی رابردوو، ئێستاش ئەم جۆرە هەڵکشانە نییە کە لێی بترسین، راستە کە لە هەندێک قوتابخانە تووشبوو هەبوون و رێکاریش گیراوەتەبەر، ئەوەتا لە عێراق قوتابخانەکان داخراون، بەڵام رۆژ بە رۆژ ژمارەی تووشبووان زیاتر بەرزدەبێتەوە، بۆیە جارێ زووە بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی داخستنی قوتابخانەکان بدەین و هیچ پێشنیازێکیشمان نییە بۆ داخستنی، بەڵام بە مەرجی ئەوەی مامۆستا و قوتابییان قوتابخانەکانیش پابەند بن."

 

هاوکات دەربارەی گەیشتنی ڤاکسیمی کۆرۆنا، وەزیری تەندروستیی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، "لە سەرەتای مانگی داهاتوودا 280 هەزار ژەم ڤاکسین دەگاتە هەرێمی کوردستان لەو بڕەی کە حکومەتی عێراق کڕیویەتی و وڵاتی چینیش پێنج هەزار ژەم بەبێ بەرامبەر دەداتە هەرێمی کوردستان."

 

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکان لەسەر هێڵە بۆ کڕینی ڤاکسینی ڤایزەر، ئەسترازینیکا و سینۆفارم، هەرکاتێک نۆبەتی کڕینمان بەرکەوت حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی بۆ دابین دەکات و دەیکڕین."