گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

ئەمەریکا مەرجی گفتوگۆ و دانوستانی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند

2021.02.22 - 09:22
App store icon Play store icon Play store icon
ئەمەریکا مەرجی گفتوگۆ و دانوستانی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند

ناس کورد-

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند، پێش گەڕانەوەیان بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران، پێویستە ئەو وڵاتە بیسەلمێنن کە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەیە و جەختیشیکردەوە، بایدن سوورە لەسەر ڕێگەگرتن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جاک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا داوای پابەندبوونی ئێرانی بە مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی کرد و ڕاشیگەیاند، "سەرۆک بایدن سوورە لەسەر ئەوەی رێگە لە ئێران بگرێت کە چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت."

 

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد، "پێش ئەوەی باس لە گەڕانەوە بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران بکەین، ئەوان ناچارن و پێویستە بیسەلمێنن کە بەرنامە ناوەکییەکەیان بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەیە."

 

لە ماوەی ڕابردووشدا، جین ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپیی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکردبوو، ئەمریکا هیچ پلانێکی نییە بۆ هەڵگرتنی سزاکانی لەسەر ئێران، پێش ئەوەی بچێتە گفتوگۆوە لەگەڵ ئەوروپا لەسەر بەرنامە ناوکیەکەی ئەو وڵاتە.

 

پێشتر چەند دیبلۆماتکارێک ئەوەیان ڕاگەیاندبوو، ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی شوێنەواری یۆرانیۆمی لە دوو پێگەی ئێرانی دۆزیوەتەوە کە ساڵی ڕابردوو پشکنینی بۆ کردووە.

 

ئەگەرچی لە ماوەی ڕابردوودا ئەوەی ڕاگەیاندبوو کە لەم مانگەوە پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکانی لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە سنوردار دەکات، بەڵام کۆبوونەوەی سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی لەگەڵ بەرپرسانی ئاژانسی ئەتۆمی ئێران، بۆچوونی ئەو وڵاتەی گۆڕی.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی کۆبوونەوەکە کە دوێنێ یەکشەممە ئەنجامدرا، ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ سێ مانگی دیکە ڕێگە بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات پشکنین لە بنکە ئەتۆمییەکانیدا بکەن.