گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

داوایەک لە پارتى یەوە بۆ رۆژى دەنگدان لەسەر بودجە

2021.02.21 - 20:19
App store icon Play store icon Play store icon
داوایەک لە پارتى یەوە بۆ رۆژى دەنگدان لەسەر بودجە

ناس کورد-

سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق داواى دروستکردنى "شانەى قەیران" دەکات لەنێوان فراکسیۆنە کوردییەکان بۆ ئەوەى لەرۆژى دەنگدان لەسەر بودجە بڕیارى پێویست بدات لەبارەى ئەو پێشنیازانەى پێشکەش دەکرێن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڤیان سەبرى ئەمڕۆ یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنى کەى تیڤى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە وتى "دانوستانەکان لەسەر پشکى هەرێم قۆناغى باشى بڕیوە، بەڵام تا رۆژى دەنگدان گفتوگۆ بەردەوام دەبێت".

 

وتیشى "رۆژى دەنگدان زۆر گرنگە، هەر لایەنێکى سیاسی رەنگە وەرەقەى خۆى بهێنێت، پێویستمان بە دروستکردنى شانەیەکى قەیرانە تا هەر وەرەقەیەک پێشکەش بکرێت تاوتوێی بکەین پاشان بڕیارى لێبدەین".

 

ڤیان سەبرى جەختیکردەوە، تا ئێستا فراکسیۆنە کوردییەکان و ئەندامانى کورد لە لیژنەى دارایی هاوهەڵوێستن لەسەر پێداگرى لەمافەکانى هەرێم لە بودجە.

 

تا ئێستا پەرلەمانى عێراق وادەى دانیشتنى تایبەت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەى بودجەى 2021 دیارینەکردووە، بەڵام بەوتەى چەند پەرلەمانتارێک ئەگەر هەیە ئەم هەفتەیە دەنگى لەسەر بدرێت.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، هێشتا ناکۆکییەکان لەسەر پشکى هەرێم لەپڕۆژەکە یەکلایی نەکراوەتەوە، سەرەڕاى چەند سەردانێکى شاندى هەرێم بۆ بەغدا بەمەبەستى گەیشتن بە چارەسەر.

 

هەردوو حکومەتى هەرێم و عێراق لەگەڵ مانەوەى ئەو دەقە حکومییەن کە لە پڕۆژەکەدا جێگیرکراوە و تایبەتە بە رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان لەبەرانبەر پشکى 12.67 ى هەرێم، بەڵام هەندێ لەلایەنەکان داواى سەرجەم نەوتى هەرێم یان داهاتەکەى دەکەن.