ناس کورد-
سەرۆکایەتی داواکاریی گشتیی هەرێم، چەند کەس و لایەنێک تۆمەتبار دەکات بە دەستپێکردنى "شاڵاوێکی ناڕەوا" لە دژی دەزگاکە و ئەندامەکانى و هەوڵدان بۆ "بەلاڕێدابردنى خەڵک".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرۆکایەتییەکە لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە " درێژەپێدەری کارەکانمان دەبین لە چەسپاندنی سەروەری یاسا و پاراستنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و پاراستنی قەوارەی یاسایی هەرێمی کوردستان".
دەقى راگەیەنراوەکە:
لای هەمووان ئاشكرایە کە دەزگای داواکاریی گشتی، دەزگایەکی یاسایی سەربەخۆیە و رۆڵی بەرچاوی هەیە لە پاراستنی سەروەری یاسا و بنەماکانی مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنی یاسا، بەڵام ماوەیەکە چەند کەس و لایەنێک دەستیان بە شاڵاوێکی ناڕەوا لە دژی ئەم دەزگایە و ئەندامانی کردووە و، هەوڵدەدەن خەڵکی هەرێمی کوردستان چەواشە بکەن و بەلاڕێیدا ببەن. لەکاتێکدا دەزگای داواکاری گشتیی وەکو سەربازێکی ون شەو و رۆژ کاردەکات لە پێناو سەرەوەریی یاسا و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیانی خۆشەویست و بەهیچ شێوەیەک کۆڵ نادەیەن لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی سەرشانمان.
هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە کە درێژەپێدەری کارەکانمان دەبین لە چەسپاندنی سەروەری یاسا و پاراستنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و پاراستنی قەوارەی یاسایی هەرێمی کوردستان
سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی هەرێمی هەرێمی کوردستان