گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

ئایا بەستنی دەمامک دەبێتە هۆی توشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان؟

2021.02.21 - 15:49
App store icon Play store icon Play store icon
ئایا بەستنی دەمامک دەبێتە هۆی توشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان؟

ناس کورد-

بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پۆشینی دەمامک دەبێتە هۆی توشبوون بەشێرپەنجەی سییەکان، پزیشکان و زانایانیش ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن،هیچ بەڵگەیەکی زانستی لەسەر بەکارهێنانی بەردەوامی دەمامک و توشبوون بە شێرپەنجەیە نییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی هەواڵیکی ئاژانسی "فرانس پرێس" ( 21ی شوباتی 2021) کە " ناس کورد" بەدواداچوونی بۆکردووە، "بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پۆشینی دەمامک دەبێتە هۆی توشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەو بانگەشەیە لە شێوەی پۆست و بابەت بە زمانی ئینگلیزی وعەرەبی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە".

 

فرانس پرێس، ئەوەی خستووەتەڕوو، "زانیاریی نادروست لە بارەی بەکارهێنانی دەمامک لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە سەریهەڵداوە، سەرباری ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ناوەندەکانی کۆنتڕۆڵ و خۆپاراستنی نەخۆشی لەئەمەریکا و کەنەدا کە جەختیان لەوەکردووەتەوە بەکارهێنانی دەمامک  بەشێوەیەکی گشتی سەلامەتە و یارمەتیدەرە لە ڕێگەگرتن لەبڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا".

 

بەگوێرەی فرانس پرێس، بانگەشەکانی دژبە بەکارهێنانی دەمامک پاڵپشتە بە لێکۆڵینەوەیەک کە لە گۆڤاری "Cancer Discovery" بڵاوکراوەتەوە كە گوایە، " هەڵمژینی میکرۆبە زیانبەخشەکان ئەگەری هەیە یارمەتیدەربێت بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان لە گەورەکاندا بەوپێیەی پۆشینی دەمامک بۆماوەیەکی زۆر پێدەچێت یارمەتیدەربێت بۆ توشبوون بەوجۆرە نەخۆشیە". 

 

ئاژانسە فەرەنسییەکە ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە، " توێژینەوەکە لە گۆڤارەکەدا بەهیچ شێوەیەک باسی ئەوەی نەکردووە کە پۆشینی دەمامک دەبێتە هۆکاری توشبوون بەشێرپەنجە".

 

لەوبارەیەوە لیۆپۆلدۆ سێگال، کە توێژینەوەکەی بڵاوکردووەتەوە دەڵیت، " توێژینەوە نوێیەکە باسی کێشەی پۆشینی دەمامکی نەکردووە و تائێستاش هیچ بەڵگەیەکی زانستی ئەوەی نەسەلماندووە ئەوە پشتڕاستبکاتەوە کە پۆشینی ماسک دەبێتە هۆکاری زیادبوونی ڕێژەی بەکتریای ناو دەم کە ڕەنگە بگاتە سییەکان".

 

نیکۆل ئایسەر، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلێژی پزیشکی و زانستە تەندروستییەکان لە زانکۆی مکگیل لە کەنەدا، لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەکردووە، "لە ئێستادا هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە کە ئەوە پشتڕاستبکاتەوە کە دەمامک مەترسی شێرپەنجەی سییەکانی لێدەکەوێتەوە".

 

هاوکات جێرارد کۆکس، پرۆفیسۆر لە کۆلێژی زانستە تەندروستییەکان لە زانکۆی مک ماستەرلەکەنەدا ئەوەی خستووەتەڕوو، "هیچ پەیوەندییەکی لۆژیکی لە نێوان پۆشینی دەمامک و ماسکی پزیشکی و شێرپەنجەی سییەکاندا نییە".

 

ئاژانسە فەرەنسییەکەئ اماژەی بەوەشکردووە، " پسپۆڕان جەختیان لەوەکردووەتەوە کە لە ئێستادا هیچ بەڵگەیەک نییە ئەوە پشتڕاستبکاتەوە کە بەکارهێنانی ماسک و دەمامکی پزیشکی دەبێت هۆکاری توشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان، بەڵکو توێژینەوە زانستییەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو مەترسیانەی کەپەیوەندی بەپۆشینی دەمامکەوە هەیە زۆرکەمترە لە نەپۆشینی، بەڵکۆ زۆر بەسوودە، بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەش کارمەندانەی چاودێری تەندروستی و پزیشکەکان لەنەخۆشخانەکاندا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەمامک دەپۆشن و کاریشی پێوە دەکەن".