ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
جێگری سەرۆک ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە، دەڵێت، وەزارەتی بەرگریی عێراق پاشگەزبووەتەوە لە جێبەجێکردنی زۆربەی ئەو خاڵانەکەی کە هەردوولا پێشتر لەسەری رێککەوتوون، دەشڵێت، لەمانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە هیچ کۆبوونەوەیەکی نێوان هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی نەکراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لیوا روکن قارەمان کەمال، جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە (یەکشەممە 21ی شوباتی 2020) لێدوانێکی تایبەتدا بۆ " ناس کورد" ڕایگەیاند،" لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوەوە هیچ کۆبوونەوەیەک لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا ئەنجامنەدراوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە دەبوایە کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی خولی بوایە و بەردەوامی هەبوایە".
وتیشی، "وەزارەتی پێشمەرگە پابەندی دانوستانەکانی پێشووە و هیچ کەمترخەم نەبووە لە جێبەجێکردنی خاڵی ڕێککەوتنەکان، بەڵام وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ئێستادا لەزۆربەی خاڵی ڕێککەوتنەکانی نێوانمان پاشگەبووەتەوە، کە پەیوەندی بە دروستکردنی هێزی هاوبەش، ئەنجامدانی ئۆپڕاسیۆنی هاوبەش لە ناوچە جێی ناکۆکەکان، گرتنی ئەو شوێنانە بەهاوبەشی وهەماهەنگی هەردوولا و پێکهێنانی ناوەندەکانی دیکەی هەماهەنگی لە ناوچەکانی تردا".
جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەوەشی خستەڕوو، "لەئێستادا تەنها دوو ناوەندی هەماهەنگی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا دروستکراوە، ئەوەش هەردوو ناوەندەکانی هەولێر و بەغدان".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە سەرسورمانی خۆشی لەڕەفتارەکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق نیشاندا و وتی، " هیوادرام بەم نزیکانە کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولامان دەست پێ بکاتەوە".
لێدوانەکانی لیوا قارەمان کەمال لە کاتێکدایە کە درەنگانی شەوی ( شەممە 20ی شوباتی 2021) تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبیە ئەلحەدەس ڕایگەیاندبوو، "کۆبوونەوەی چڕ لەگەڵ پێشمەرگەدا ئەنجامدەدەین بۆ کەمکردنەوەی بۆشایی نێوانمان، چەکدارانی داعش سوودیان لەوشوێنانە وەرگرتووە کە هیچ هێزێکی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکانی تێدا نییە".
لە کۆتایی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا شاندێکی دانوستانكاری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی بەغدایانکرد و ڕێككەوتن لەسەر دروستكردنی شەش بنكە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی ھاوبەش لە ناوچە كوردستانییەكان.
بەگوێرەی ڕێککەوتنە دەبێت شەش بنكە دروست بكرێن، كە دوو بنكەی گەورە لە ھەولێر و بەغدا و چوار بنكەی بچوكیش بۆ ژووری ھاوبەش لە ناوچە كوردستانییەكان دروست دەكرێن، كە ئەوانیش بریتین لە كەركوك و دیالە و موسڵ و مەخمور.