ناس کورد-
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لەم هەفتەیەدا لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و بڕیاری گرنگ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە دەردەكرێت، دەشڵێت، تائێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "بڕیارە سبەی یاخود دووسبەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان لەبارەی دۆخی كۆرۆنا لە هەرێم كۆببێتەوە."
وتیشی، "ژمارەیەك بڕیاری نوێ دەردەچن، بە تایبەت سەبارەت بەو هاووڵاتیانەی كە لە ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و پێشنیازمان كردووە كە ڕێكارێك بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو کەسانە بە شێوەی تەندروست بێنە ناوەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، " بۆ هاووڵاتیانی خۆشمان پێمان وایە رێكار و رێنماییەكان هەمان ئەوانەی پێشوون، بەڵام هەندێك توند دەكرێنەوە و هەڵمەتەكانی هۆشیاری بە بەردەوامی بڵاودەكرێنەوە، هەروەك چۆن لە مانگی 9ی ساڵی ڕابردووەوە دەستمان پێكردووە".
لەبارەی دەركردنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وتی، "هیچ شتێكی وەها لە ئارادا نییە و تائێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ قەدەغەی هاتوچۆ."
ئەوەش لەکاتێکدایە، بۆ یەکەمجار پێنج حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنای گۆڕاو لە هەرێمی کوردستان تۆمارکران و وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، حاڵەتی گومانلێکراوی دیکەش هەن.