گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

ڕاوێژکارێکی سەرۆکی هەرێم: ئەگەر هەولێر و بەغدا ڕێکنەکەون دۆخەکە خراپتر دەبێت

2021.02.21 - 11:34
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاوێژکارێکی سەرۆکی هەرێم: ئەگەر هەولێر و بەغدا ڕێکنەکەون دۆخەکە خراپتر دەبێت

 ناس کورد-

راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دۆخی ناوچە کوردستانییەکان بە ھۆی زیادبوونی داعشەوە زۆر خراپ بووە و ئەگەر حکومەتی عێراق لەگەڵ ھەرێم نەگاتە رێککەوتن، ناوچەکانی دیکەی عێراقیش دەگرێتەوە و دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات، دەشڵێت، بەغدا جگە لە ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم، هیچ رێگایەکی دیکەی نییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە میدیای فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند، "ھەندێک شوێن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بوونەتە مۆڵگە بۆ داعش بەھۆی ئەوەی ھیچ ھێزێکی کوردی و عێراقیی لێ نییە، ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە، چونکە داعش لەوێ خۆیان رێک دەخەنەوە و کردەوە ئەنجام دەدەن، جگە لەوەش ئەو ھێزە عێراقیانەی لە ناوچە کوردستانییەکانن، چەندین جۆرە ھێزن و بێ سەرکردایەتین و ھەر کەسێکیش بە ئارەزووی خۆی مامەڵە دەکات، بۆیە دۆخی ناوچە کوردستانییەکان زۆر مەترسیدارە."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "داعش رۆژانە کردەوە ئەنجام دەدات و بەردەوام ھێرش دەکاتە سەر ھێزە عێراقییەکان و دەیانکوژێت، گوندەکانیش بەردەوام لە ترسی داعش چۆڵ دەکرێن، بۆیە رۆژ بە رۆژ دۆخەکە بەرەو خراپتر دەچێت و ئەگەر چارەسەری بنەڕەتی نەکرێت، زۆر زۆر خراپتر دەبێت."

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، " داعش کردەوەی پارتیزانی ئەنجام دەدات، بۆیە ئەگەر حکومەتی عێراق لەگەڵ ھەرێم نەگاتە رێککەوتن، دۆخەکە خراپتر دەبێت و ناوچەکانی دیکەی عێراقیش دەگرێتەوە و تەشەنە دەکات، چونکە داعش بە ھۆی لاوازیی ھێزە عێراقییەکانەوە، زۆر بەهێز بووە."

 

ڕاویژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیکردووەتەوە، " حکومەتی عێراق ھیچ رێگایەکی دیکەی نییە جگە لەوەی لەگەڵ ھەرێم بگاتە رێککەوتن، بەغداش نایەوێت بیکات، چونکە دەزانێت زۆرینەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان کوردن و ناوچەی کوردستانین، ھەر بۆیەش ماددەی ١٤٠ جێبەجێ ناکەن، چونکە ترسیان ھەیە ناوچەکان بێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان، کە لە کۆتاییشدا ھەر وا دەبێت."