ناس کورد-
وەزیری تەندروستیی ئێران، ڕایگەیاند، ئەوانەی لەعێراقەوە سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن بوون بەهۆی سەرهەڵدانی نەوە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، بۆیە بڕیاریانداوە سنورەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە دابخەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەمیانەی لێدوانێکی بۆمیدیاکانی وڵاتەکەی، سەعید نمەکی، وەزیری تەندروستیی ئێران ( 20ی شوباتی 2021) کە " ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند، " ئەوانەی لەعێراقەوە دێن، بوون بە هۆکاری تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی نەوە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران".
نمەکی ئەوەشی وتووە، "ڤایرۆسە گۆڕاوەکەی کۆرۆنا بەسەختی لەپارێزگای خوزستان لە باشوری ئێران بەهۆی هاتنی عێراقییەکانەوە بڵاوبووەتەوە، بۆیە بڕیارماندا سنوریی ئێران لەگەڵ عێراقدا لە ناوچەیەدا دابخەین ".
هاوکات کەمێک پێش ئێستا( شەممە 20ی شوباتی 2021) کۆماری ئیسلامی ئێران داخستنی سنورەکانی لەگەڵ دیوی عێراق لە دەروازە سنوریی حاجی ئۆمەرانی سەر بە پارێزگای هەولێر بۆماوەی دووهەفتە ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەنراوێکیشدا دەروازەی سنوریی حاجی ئۆمەران، ڕایگەیاند، " لایەنی ئێرانی بەڕێگای پەیوەندییەکانەوە، ئاگاداری ئێمەیان کردووە کە حکومەتی ئێران بڕیاریداوە سبەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 21ی شبوات کاتژمێر 2:00ی پاش نیوەڕۆ دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە ڕووی گەشتیارییەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە دادەخەن."
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەتەنیا هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە لە ئێرانن دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی ئێرانیش کە لە هەرێمی کوردستانن دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ وەڵاتی خۆیان لە ئێران.
لە 19ی شوباتی 2020 دا دەسەڵاتدارانی ئێران سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لە شاری قوم ڕاگەیاند.