گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

نوێترین لێدوانی حکومەتی هەرێم لەبارەی سزادراوانی بادینان

2021.02.20 - 22:39
App store icon Play store icon Play store icon
نوێترین لێدوانی حکومەتی هەرێم لەبارەی سزادراوانی بادینان

ناس کورد- 

وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەبارەت بە کەیسى سزادراوانى بادینان دەڵێت، پابەندن بە هەر بڕیارێک دادگا لەسەر ئەو بابەتە دەیدات و پێویست بەو هەڵمەتە ڕاگەیاندنە ناکات، وتیشی، ئەو کاردانەوانەی دروستبوون هۆکارەکەی ئەو دۆخەیە کە بەهۆی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین و هەڵبژاردنەوە لە 30 ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ڕەخساوە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا (20ى شوباتى 2021) کە ناس کورد بەدواداچونى بۆ کردوە سەبارەت بە کەیسى 5 سزادراوەکەى بادینان و ئەو کاردانەوانەی لەسەرى دروست بووە ئاماژەى بەوەدا، "پێشتر وتومانە کە ڕێز لە دەسەڵاتى دادوەریى و دامودەزگا دادوەرییەکان دەگرین و حکومەتى هەرێم بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دەستوەردان لەو دەسەڵاتە نییە."

 

وتیشى، "ئێمە پابەندین بە هەر بڕیارێک دەسەڵاتى دادوەرى یاخود دادوەرەکان لەسەر ئەو بابەتە بیدەن، ئەو بابەتە پێویستى بەو هەڵمەتە ڕاگەیاندنە نەدەکرد و ئێمە لەسەرەتاوە و لە کارنامەى کابینەى نۆیەمدا پشتگیریمان لە سەربەخۆیى و دەستوەرنەدان لە دەسەڵاتى دادوەرى کردوە، بە پێچەوانەوە ئەداى ئەو دەسەڵاتە لەم ماوەیەدا زۆر باشتر بووە و بڕوامان بە سەربەخۆیى و بێلایەنى دادوەریى هەیە."

 

جوتیار عادل باسى لەوەشکرد، "ئێمە ئەرکێکى قورسمان لە ئەستۆ گرتوە وەک حکومەت و دەستمان بە چاکسازى کردوە و ئەگەر دەسەڵاتى دادوەریى پشتگیرى ئەو پرۆسەیە نەکات ئەوا ناتوانین بەڵێنەکانمان کە بە خەڵکى خۆمان داوە بیبەینە سەر، دەبێت یەکەمجار ئێمە بڕوامان بە دەسەڵاتى دادوەریى هەبێت بۆ ئەوەى چاکسازى بکەین، لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ ئەوەدا نین دەسەڵاتى دادوەریى بە لاڕێدا ببرێت یاخود بۆ مەرامێکى تایبەتى بەکاربهێنرێت."

 

وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەبارەت بە سزاکە وتى، ئەمە بڕیارى دادگایە و تێهەڵچونەوە ماوە و بەهیچ شێوەیەک دەستوەردان ناکەین و تەنها دەمانەوێت دادگا سەروەر بێت.

 

ڕۆژی 16ی شوباتی 2021، دادگای تاوانەکانی دووی هەولێر سزاى شەش ساڵ زیندانى بۆ هەریەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم دەرکرد.    



ئەو بڕیارە کاردانەوەى بەرفراوانى لێکەوتەوە کە تا ئێستاش بەردەوامە.    

  

ڕۆژی پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەریمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری دادگا بۆ سزادانی چەند ڕاگیراوێک نيگه‌رانى دروست کردووە، بەڵام ئەوە دوا بڕیار نییە.    

  

وتيشى بەپێی یاسا، مافى سزادراوانه‌ تانە لە بڕیاره‌كە بده‌ن، دادگای پێداچوونەوەش ئەرکیەتی بە پشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی یاسایيی سکاڵالێکراو و سکاڵاکار، بە کەیسه‌كه‌دا بچێتەوە تا هەمووان هەست بکەن وەک یەک مافيان پارێزراوە.    

  

ڕۆژی 19ی شوباتی 2021 ئۆفیسی راگەیاندنی نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەى ئەو وڵاتە لە هەولێر لەسەر سزادانى دەستگیرکراوانى بادینان هاتە دەنگ و رایگەیاند، دەربارەی پرسی ئازادیی ڕادەربڕین و لەو نێوەندەشدا ئازادی بۆ ڕاگەیاندکاران بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم.    

  

ئۆفیسەکە لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، کۆمەڵگا دیموکراتیەکان ڕێز لە ئازادیی ڕادەربڕین دەگرن و پشتیوانی لە توانای ڕاگەیاندکاران دەکەن بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بە بێ ترس لە تۆڵە لێسەندنەوه.    

  

لاى خۆیەوە، مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم داواى رێزگرتنی کرد لە سیستەمى دادوەرى، لەیەکەم هەڵوێستیدا دواى سەرهەڵدانى ناڕەزایی بەرفراوان لەسەر بڕیارى سزادانى دەستگیرکراوانى بادینان لەلایەن دادگاوە.