گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

’’دادوەرەکە وتی: ئەمە کوفرە’’ زانیاریی نوێ لەسەر ساتی دادگاییکردنی ڕاگیراوانی بادینان

2021.02.20 - 17:08
App store icon Play store icon Play store icon
’’دادوەرەکە وتی: ئەمە کوفرە’’ زانیاریی نوێ لەسەر ساتی دادگاییکردنی ڕاگیراوانی بادینان

ناس کورد-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕووداوێکی دیکەی ڕۆژی دووەمی دادگاییکردنی ڕاگیراوانی بادینان دەگێڕێتەوە و دەڵێت، ئاسایش دەستێوەردانی لە دەسەڵاتی دادوەریدا کردووە و دادوەرەکەش وتویەتی، ئەوە کوفرە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شایان عەسکەری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان (شەممە 20ی شوباتی 2021) لە فەیسبوکی فەرمی خۆی ڕایگەیاند، "ڕۆژی دووەمی دادگایی کردن، دانە دانە دەسگیرکراوەکان دەھێنرانە ھۆڵی دادبینی و ئیفادەیان لێ وەردەگیرا، دوای ئەوەی لێپرسینەوە لە شێروان شێروانی تەواو بوو، سەرۆکی دادگا وتی، شڤان سەعید ( شڤان بەڕوشکی) بانگ بکەن و بیھێنن بۆ ئێرە، لەو کاتەدا یەکێک لەوانەی نوێنەرایەتی ئاسایشیان دەکرد و لە ڕیزی ئێمە دانیشتبوو بە ئاسایشەکانی وت خێرا شێروان شێروانی ببەنە دەرەوە، بێ ئەوەی مۆڵەت لە سەرۆکی دادگا وەربگرێت."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "شڤان بەڕوشکیان ھێنا، دادوەر پرسیاری ئاڕاستە دەکرد و ئەویش وەڵامی دەدایەوە لە ناو قسەکانی ناوی شێروان شێروانی ھێنا کە سەیری دەوروبەری خۆی کرد شێروانی لێ نەبوو، بەسەرسوڕمانەوە ووتی ئەوە شێروان چی لێ ھات؟!."

 

ئەو پەرلەمانتارە کە ئامادەی دادگاییەکە بوو، ئەوەشی خستووەتەڕوو، "سەرۆکی دادگاش بەسەرسوڕمانەوە پرسی، شێروانی لێ نیە؟ کێ شێروانی بردە دەرەوە؟ پاشان ڕووی کردە نوێنەرەکانی ئاسایش و ووتی، ئەمە کوفرە، خۆ گەر بیبەنە شوێنێک بەتەنیا قەیناکە، بەڵام چۆن دەبێت تێکەڵی دەستگیرکراوەکانی تر بکرێتەوە! خەریکە ھەمووی کاری دادوەر دەکەن!."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوەی ئەو کارەی کردبوو سەری خۆی ھەڵنەبڕی و وەڵامی سەرۆکی دادگای نەدایەوە."

 

ڕۆژی دووشەممە و سێشەممەی ڕابردوو 15 و 16ی شوبات، بەشێک لە ڕاگیراوانی سنوری بادینان لە دادگای 2ی تاوانەکانی هەولێر دادگایی کران و پێنج کەسیان بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران، ئەوەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و کاردانەوەکان تاوەکو ئێستا بەردەوامن.