ناس کورد-
هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەگەڵ عەمار حەکیم کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند، کاری لە پێشینەی یەکێتی چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمە و داوای بەردەوامی هەوڵەکانیان کرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ شەممە 20ی شوباتی 2021، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازییان کرد لە وەفدێکی باڵای هاوپەیمانیی عێراقییون بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، سەرۆکی تەیاری حیکمەی نیشتیمانیی و سەرۆکی هاوپەیمانی عێراقییون.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی هاوسەرۆکانی یەکێتی، لەژێر رۆشنایی پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان و رێوشوێنەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژوویی و دۆستایەتییەکانی نێوان هەردوولا بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا و پێویستی خێراکرنی هەنگاوەکان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و دانانی پلان و بەرنامەی گونجاو بۆ داهاتوو گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، هاوسەرۆکانی یەکێتی جەختیان لەسەر گرنگی بەشداری هەموو لایەنەكان بە کورد، شیعە و سونەوە کردەوە كە رۆڵی كارایان هەیە لە پرۆسەی سیاسی و خاوەن بەرژەوەندی راستەقینەن لە بەرەوپێشبردنی كاروانی دیموكراسی لە وڵاتدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هاوسەرۆکانی یەکێتی ئاماژەشیان بە رۆڵ و هەڵوێستی نیشتمانی عەمار حەکیم کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەکان، داواشیانکرد کە هەوڵەکانی لەو پێناوەدا بەردەوامبێت بە تایبەت لە چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم کە کاری لەپێشینەی ئێستای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
ئەوەش هاتووە، هاوسەرۆکانی یەکێتی ئاماژەیان بە رۆڵی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کرد بۆ بەردەوامی هەوڵ و هەنگاوەکان لەگەڵ هێز و لایەنە کوردی و عێراقییەکان لە پێناو رەخساندنی دیالۆگێکی بنیاتنەرانە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دابینکردنی موچەی مووچەخۆرانی هەرێم و لابردنی کۆسپەکانی بەردەمیان بە ئامانجی رێککەوتنی یەکلاکەرەوە لەچوارچێوەی دەستوور.
راشیانگەیاند، پێویستە دیالۆگی راشکاوانە لەسەر زەمینەیەكی بەهێزی متمانەكردن بەیەكتر دابمەزرێت و بەرژەوەندییە کەسیی و ململانێ سیاسییەکان وەلابنرێن تاوەکو چیتر قوت و بژێوی ژیانی هاووڵاتیان نەکرێنە قوربانیی ئەو ململانێیانە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لای خۆشییەوە عەمار ئەلحەکیم ئاماژەی بەو پەیوەندییە مێژوویی و بەهێزەی نێوانیان کرد لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیانە و بناغەکەی لەلایەن شەهیدی میحراب و رەوانشاد مام جەلال داڕێژراوە و هەنگاوی گەورە و گرنگی لێ بەرهەمهاتووە و داواشیکرد پێکەوە درێژە بەو رێبازە بدەن.