ناس كورد-
ئەسیل نوجەیفی، پارێزگارى پێشووى نەینەوا حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانى پێشووترى عێراق تۆمەتبار دەکات بەوەى "سوپاى تورکیاى هێناوەتە ناو خاکى عێراقەوە و دواتریش نکۆلێ لێکردووە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە میانەى چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى سۆمەرییە کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، ئەسیل نوجەیفى سەرکردە لەبەرەى ڕزگارى و گەشەپێدان و پارێزگارى پێشووى نەینەوا (20ى شوباتى 2021) ڕایگەیاندووە، حەیدەرى عەبادى داواى پاڵپشتى لە تورکیا کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و لەسەر ئەو بنەمایەش ئەنکەرە ڕاهێنەرە سەربازییەکانى ناردە ناحیەى بەعشیقە و دواتریش ڕەتیکردەوە کە هێزى تورکى لەو ناوچەیەدا هەبووبێتن.
لەبارەى دۆخى سیاسى عێراقیشەوە نوجەیفى دەشڵێت، حکومەتەکەى کازمى هەوڵى گۆڕانکاریدا بەڵام سەرکەوتوو نەبوو بەهۆى چەکى کۆنترۆڵنەکراوە لەلایەن گروپە چەکدارەکان و چەندین لایەنى سیاسیەوە و بەهۆیەشەوە نەیتوانیووە بڕیارەکانى جێ بەجێ بکات.
ئەوەشى خستووەتەڕوو، گروپە چەکدارەکان زۆر خراپتر دەبن لەوەى کە ئێران دەیەوێت، چونکە ئێران وەکو وڵاتێکى گەورە دەمێنیتەوە و باش دەزانێت دۆخى عێراقیش ناتوانێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت بەڵام گروپەکە ئەوە نازانن و واى بۆ دەچن بەردەوام چەکیان بەدەستەوە بێت و هەموو شتێکیش بیانەوێت بتوانن ئەنجامى بدەن.
لەبارەى ڕۆڵى حەلبوسییەوە وەکو سەرۆکى پەرلەمان کەپشکى سوننەیە، نوجەیفى باسى لەوە کردووە، لایەنە شیعە براوەکان ئەو پۆستەیان دایە حەلبوسى و ئەویش بۆ ویلایەتى دووەمى سەرۆکایەتى پەرلەمان ناشێت بەهۆى ئەوەى لەبەڕێوەبردندا شکستى هێناوە.