ناس کورد-
عەممار حەكیمی سەرۆكی هاوپەیمانێتی عێراقی و ڕێبەری ڕەوتی حیكمە ڕایگەیاند، بۆیە هاتووەتە سلێمانی تا جەخت لە پەیوەندی قووڵ و مێژویی كورد و بنەماڵەی حەكیم بكاتەوە و وتی، "كاتی دوورەپەرێزی نییە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەكیم لە وتەیەكدا لە ساڵیادی تیرۆركردنی محەمەد باقر حەكیم كە بە ڕۆژی شەهیدی عێراقی دانراوە و ئەمڕۆ (20 شوباتی 2021) لە هۆڵی تەلاری هونەری سلێمانی یادی کرایەوە ڕایگەیاند، "بۆ ئەوە هاتووین لەگەڵتان بین بە كورد و عەرەبەوە لە ڕیزێكی هاوبەشدا كە عێراقە و وڵاتی هەموومانە و قوربانیمان پێكەوە بۆ داوە."
وتیشی، "هێز لە دوورەپەرێزی و دابڕاندا نییە بەڵکو لە پڕۆژەی دەوڵەتدایە كە بەغدا و پارێزگاكان و هەرێم پێكەوەبن، هێز لە هاوڵاتیبووندایە نەك تایفەگەری"، هەروەها داوای دەستپێكردنی سەردەمێكی نوێی كرد لە عێراق. باسی لەوەشكرد "دەوڵەت بە حەساسیەت و هەڵچوون دروست ناكرێت بەڵكو بەپەیوەندی هاوبەشی پێكهێنەرەكانی دەبێت". دروستكردنی هاوپەیمانێتییەكی بەفراوانی نا تایفی بە پێویست زانی بۆ ئەم قۆناغە.
هەروەها جەختیشیكردەوە "گەلی كورد قوربانی و باجی زۆری داوە لە مێژوودا بەهۆی سیاسەتی ڕژێمەكانی عێراقەوە و وتیشی، "لێرەوە لە سلێمانی خەبات و قوربانیدانەوە داوای یەكڕیزی دەكەم داوای بەهێزكردنی پەیوەندییە مێژوییە هاوبەشەكان دەكەم".
لە وتارەكەیدا حەكیم بیرەوەری مام جەلال و باقر حەكیم و عەبدولعەزیز حەكیمی بیرهێنایەوە كە "بنەمای دیموكراسیەت و فرەییان لە عێراقدا دانا" لە كۆتاییشدا سڵاوی بۆ شەهیدانی بزوتنەوەی نەتەواوەیەتی كورد و شەهیدانی دیكتاتۆرییەت و شەهیدانی تیرۆر نارد.
سەرەتای هەموو مانگێكی ڕەجب بەپێی رۆژژمێری كۆچی ساڵیادی تیرۆركردنی محەمەد باقر حەكیمە لە 2004 لە شاری نەجەف لە تەقینەوەیەكدا كە دواتر دەركەوت كاری ئەلقاعیدە بووە