گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’لە مەترسیدان’’

پارێزەرێک: دەستگیرکراوانی بادینان مانیان لە خواردن گرتووە

2021.02.20 - 14:34
App store icon Play store icon Play store icon
پارێزەرێک: دەستگیرکراوانی بادینان مانیان لە خواردن گرتووە

ناس کورد-
ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان ڕایگەیاند، ڕەوشی پێنج چالاکوان و رۆژنامەنوسە سزادراوەکان لە زینداندا خراپە، "بەپێی ئەوەى بە ئێمە گەیشتووە ئەوان مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووە."

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەشدار حەسەن، ئەندامی تیمی پارێزه‌رانی ده‌ستگیركراوانی بادینان (20ی شوباتی 2021) لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" وتی، "بەپێی سەرچاوەیەک لە زیندانەوە پێمان ڕاگەیەندراوە ڕەوشی ئەو پێنج ڕۆژنامەنوس و چالاکوانەی لەلایەن دادگای دووی کەتنی هەولێر بە شەش ساڵ زیندانی سزادران، لە زیندانی هەولێر لە خراپیدایە و لەبەرانبەر ئەو قسانەی کردوویانە سزای دەرونییان دەدەن، وەکو بە ئێمە وتراوە شوێنەکەیان زۆر ساردە و لە شوێنێکی زۆر خراپدا زیندانیان کردوون."


باسی لەوەشکرد، هەرچەندە دڵنیا نەکراوینەتەوە لە مانگرتنیان، بەڵام دەوترێت بەهۆی خراپی ژیانیان و شوینەکەیان لە ئیستادا لە زیندان مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووە.


ئەوەشی ئاشکراکرد، بەهۆی ئەوەی بەڵگەکان لەبارەی تۆمەتبارکردنی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانە وەکو پێویست نییە و لە ڕۆژانی ڕابردووش چەندین لایەن و کەسەیاتی و کونسوڵی وڵاتان هاتوونەتە دەنگ لەسەریان و چاوەڕوان دەکرێت لەلایەن دادگای پێداچوونەوە ئەو دەستگیرکراوانە ئازاد بکرێن و بۆ ئەوەش لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا پەڕوای تایبەت بە دەستگیرکراوان ئامادەدەکرێت و ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە دەکرێت."


ڕۆژی 16ی شوباتی 2021، دادگای تاوانەکانی دووی هەولێر سزاى شەش ساڵ زیندانى بۆ هەریەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم دەرکرد.



ئەو بڕیارە کاردانەوەى بەرفراوانى لێکەوتەوە کە تا ئێستاش بەردەوامە.

 

ڕۆژی پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەریمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری دادگا بۆ سزادانی چەند ڕاگیراوێک نيگه‌رانى دروست کردووە، بەڵام ئەوە دوا بڕیار نییە.

 

وتيشى بەپێی یاسا، مافى سزادراوانه‌ تانە لە بڕیاره‌كە بده‌ن، دادگای پێداچوونەوەش ئەرکیەتی بە پشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی یاسایيی سکاڵالێکراو و سکاڵاکار، بە کەیسه‌كه‌دا بچێتەوە تا هەمووان هەست بکەن وەک یەک مافيان پارێزراوە.

 

ڕۆژی 19ی شوباتی 2021 ئۆفیسی راگەیاندنی نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەى ئەو وڵاتە لە هەولێر لەسەر سزادانى دەستگیرکراوانى بادینان هاتە دەنگ و رایگەیاند، دەربارەی پرسی ئازادیی ڕادەربڕین و لەو نێوەندەشدا ئازادی بۆ ڕاگەیاندکاران بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم.

 

ئۆفیسەکە لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، کۆمەڵگا دیموکراتیەکان ڕێز لە ئازادیی ڕادەربڕین دەگرن و پشتیوانی لە توانای ڕاگەیاندکاران دەکەن بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بە بێ ترس لە تۆڵە لێسەندنەوه.

 

لاى خۆیەوە، مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم داواى رێزگرتنی کرد لە سیستەمى دادوەرى، لەیەکەم هەڵوێستیدا دواى سەرهەڵدانى ناڕەزایی بەرفراوان لەسەر بڕیارى سزادانى دەستگیرکراوانى بادینان لەلایەن دادگاوە.